بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 20-9-2026، هەوڵێکی بەقاچاغبردنی 700 هەزار دەنکە حەبی کەبتاگۆن لە عێراقەوە بۆ کوێت بەپووچەڵ کرایەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی هاوبەشدا، مەفرەزەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەنبار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کوێت، چوونەتە ناو خاکی ئەو وڵاتە و توانیویانە دەست بەسەر بڕی 700 هەزار حەبی کەبتاگۆندا بگرن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو تۆمەتبار دەستگیر کراون؛ یەکێکیان هاووڵاتییەکی عێراقییە و ئەوی دیکەیان دانیشتوویەکی نایاساییە (بێدۆن) لە ناوچەی ‘جواخیر کەبد’ لە کوێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی کردووەتەوە بۆ ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی هێڵەکانی قاچاخچێتی و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان.

