zagros news agency

بۆچی دوای ژەمێکی سەرەکی زوو برسیت دەبیتەوە؟

هەندێک جار دوای خواردنی ژەمێکی قەبارە گەورە، هەست بە تێرییەکی کاتی دەکەیت، بەڵام تەنیا دوای دوو کاتژمێر جارێکی دیکە هەستی برسییەتیت بۆ دروست دەبێتەوە. ئەم دۆخە پەیوەندی بە ئارەزووی خواردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە جۆری پێکهاتەی ئەو خۆراکەی لە قاپەکەتدایە.

ساندیا سینغ، پسپۆڕی خۆراک روونیکردەوە، هەستکردن بە تێری تەنیا بە بڕی خواردن دیاری ناکرێت، بەڵکو ژەمەکە پێویستی بە هاوسەنگییەک لە نێوان پرۆتین، کاربۆهیدرات، چەوری و ریشاڵەکان هەیە تاوەکو وزە و هەستی تێری بۆ ماوەیەکی درێژتر بە لەش ببەخشێت.

کەمیی پرۆتین یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی زوو برسی بیتەوە. خواردنی ژەمێکی گەورەی برنج، نان یان مەعکەرۆنی لە کاتی خواردندا تێرکەر دەردەکەوێت، بەڵام لە ئەگەری نەبوونی پرۆتین لەو ژەمەدا، رەنگە هەمان هەستی تێریت پێ نەبەخشێت.

ریشاڵەکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن، چونکە یارمەتی هێواشکردنەوەی خاڵیکردنەوەی گەدە دەدەن. ئەو ریشاڵانە لە سەوزە، میوە، پاقلەمەنییەکان، دانەوێڵە تەواوەکان و چەرەساتدا دەست دەکەون.

سەبارەت بە کاربۆهیدرات، کێشەکە لە خودی کاربۆهیدراتەکەدا نییە، بەڵکو پشت بەستن بە جۆرە پاڵێوراوەکان لە کاتێکدا پرۆتین، ریشاڵ و چەورییە تەندروستەکان پشتگوێ دەخرێن، وادەکات زووتر برسی بیتەوە. هاوکات شێوازی خواردنەکەش جیاوازی دروست دەکات، بە جۆرێک میوەی تەواو بە گشتی تێرکەرترە لە شەربەتەکەی، بەتایبەت کاتێک بەشە تفتەکەی لادەبرێت، ئەمەش بەهۆی بوونی ریشاڵ و پێویستیی بە جوین.

هەستکردن بە برسییەتی دوای چەند کاتژمێرێک بە مەرج نییە نیشانەی کێشەیەکی تەندروستی بێت، چونکە چالاکیی جەستەیی، کوالێتیی خەو، قەبارەی ژەمەکە و پێویستییە تاکەکەسییەکان کاریگەرییان لەسەر ئارەزووی خواردن هەیە.

ئەگەر هەمیشە دوای ژەمێکی گەورە بە ماوەیەکی کەم برسی دەبیتەوە، ئەوا پێویستە سەرنجت لەسەر جۆری پێکهاتەی ژەمەکانت بێت، نەک تەنیا بڕی ئەو خواردنەی دەیخۆیت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئایا ژمارەی بوومەلەرزەکان لە جیهاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە؟

سەڵاح

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت

یاسین

ئیلۆن مەسک خەونی وزەی خۆر لە زەوییەوە دەگوازێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان

سەڵاح