جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، حکومەتەکەی بەنیازە پۆشینی نیقاب لە قوتابخانەکاندا قەدەغە بکات و سنوورێکیش بۆ ژمارەی خوێندکارانی بیانی لە هەر پۆلێکی خوێندندا دابنێت؛ ئەمەش وەک هەنگاوێک کە ڕەنگدانەوەی دیدگا و ئاراستەی ڕاستڕەوی حکومەتەکەیەتی.
میلۆنی، ڕۆژی یەکشەممە لە گردبوونەوەی ساڵانەی باڵی گەنجانی پارتەکەی (ئیتاڵیای برایان) وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “بەم زووانە پڕۆژەبڕیارێک دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، کە بەپێی یاسا بەرزترین ئاست بۆ ژمارەی خوێندکارانی بیانی لە هەر پۆلێکدا دیاری دەکات. هەروەها پڕۆژەکە دایکوباوکانی ئەو خوێندکارە بیانییانە پابەند دەکات کە لە ئاوێتەبوون لەگەڵ سیستەمی پەروەردەدا رووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، فێری زمانی ئیتاڵی ببن، هاوکات پۆشینی نیقاب و پەچەش لە قوتابخانەکاندا قەدەغە دەکرێت.”
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە درێژەی قسەکانیدا هۆکاری سنووردارکردنی ژمارەی بیانییەکانی ڕوونکردەوە و گوتی: “ئەگەر تەنیا یەک منداڵ لە پۆلێکدا بێت کە لە زمانی ئیتاڵی تێنەگات، زۆر ئاسانە بە هاوکاریی هاوپۆلەکانی و مامۆستاکان بە خێرایی فێری زمانەکە بێت و ئاوێتە ببێت. بەڵام ئەگەر ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە زمانەکە تێناگەن زیاد بکات یاخود ببنە زۆرینە، ئەوە ئیتر ئاوێتەبوون نییە، بەڵکو کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنە.”
هەرچەندە میلۆنی ڕێژە یان ژمارەی دیاریکراوی خوێندکارانی بیانی لە هەر پۆلێکدا ڕوون نەکردەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی توێژینەوەی (ISMU)، خوێندکارانی بیانی %11.6ـی سەرجەم خوێندکارانی ئیتاڵیا پێکدەهێنن، واتە نزیکەی 12 خوێندکار لە هەر 100 خوێندکارێک.
دەربارەی پرسی باڵاپۆشی و پەچەش لە ناوەندەکانی خوێندندا، میلۆنی جەختی کردەوە: “دەبێت هەمووان بە دەموچاوی دانەپۆشراوەوە بچنە قوتابخانەکان. ڕێگە نادرێت هیچ کەسێک لە ئیتاڵیا، بە ناوی نەریتێکی ڕاستەقینە بێت یان هەڵبەستراو، کچێکی گەنج ناچار بکات خۆی بشارێتەوە.”

