وەزارەتی نەوتی عێراق، دەڵێت پاڵاوگە نیشتمانییەکان بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانیانەوە کار دەکەن و یەدەگی ستراتیژیی سووتەمەنی ڕەوانەی پارێزراوە و ڕاشیگەیاند کە کۆی هەناردەی نەوتی باشوور و باکوور دەگاتە ۲٫٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سایەی ئاستەنگی و گۆڕانکارییەکانی گەرووی هورمزدا.
سەلیم ئەلڕکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە گرێبەست بۆ دابینکردنی بڕێک لە بەنزینی محەسەن و گازوایل بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی و بەهێزکردنی یەدەگی ستراتیژییە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕی ڕێککەوتن لەسەرکراو ڕۆژانە بڕی ٤ بۆ ٥ هەزار مەتر سێجایە، بەپێی ئەوەی لە هاوردەکردنەوە بەردەست دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنانە بۆ بڕی گەورەتر و بۆ ماوەی چەند مانگێکە، بەڵام ئەوەی ڕۆژانە دابین دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە تێکڕای هەناردەکردن لە ڕێگەی باشوورەوە بڕی ۲٫٤ ملیۆن بەرمیل و لە ڕێگەی باکوورەوە بڕی ۲۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە.
جەختی کردەوە کە زۆرترین بڕی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە، کە بە دڵنیاییەوە کاریگەر دەبێت بە گۆڕانکارییەکانی گەشتە دەریاوانییەکان و پێشهاتەکانی گەرووی هورمز، و بڕی ماوەش لە ڕێگەی دەروازەکانی دیکەی تورکیا و سوریاوە هەناردە دەکرێت.
سەبارەت بە فرۆشتن، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای «سۆمۆ» نەوتی خاو بە شێوازی ڕادەستکردن لە بەندەرەکان و بە باشترین نرخی پێشنیارکراو دەفڕۆشێت، لەگەڵ داشکاندنی جێگیر، و ئێستاش دانووستان بەردەوامە بۆ بەرزکردنەوەی نرخە پێشنیارکراوەکان.
ئەلڕکابی ئاشکرای کرد کە پاڵاوگە نیشتمانییەکان بە تەواوی توانای کارکردنی خۆیانەوە سەرقاڵی بەرهەمهێنانن، و پلانێکیش هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای پاڵاوتن لە ڕێگەی فراوانکردنی پاڵاوگە نیشتمانییەکانەوە، لەوانەش پاڵاوگەی دیوانییە و میسان.

