zagros news agency

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٥٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

 

بەڕێزان/ سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بڕیار و ڕێنماییی (بارزانیی نەمر)، دەستکەوتێکی دیکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوو بۆ توێژی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەتی و کۆمەڵگەی کوردەواری بە گشتی.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی گرنگ، ڕۆڵ و سەنگێکی کاریگەری هەبووە لە تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەییماندا؛ لە لایەکی دیکەوە، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کەسایەتیی تێکۆشەر، دڵسۆز و سەرکردە، بەمەش خزمەتێکی زۆری ئەو بوارەی کردووە.

یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەپێی پەیامی ڕاست و دروستی خۆی، توانیویەتی بێسرەوتن برەو بە هزر و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەشەپێدانی هۆشیاری بدات و جەخت لەسەر بنەما ڕەسەنەکانی کولتووری نەتەوەیی، پێکەوەژیان و لێبوردەیی بکاتەوە، لەو ڕێگەیەشدا قوربانیی زۆری بەخشیوە؛ بۆیە هەمیشە مایەی شانازی و سەرفرازیی گەلەکەمانن.

لەم بۆنەیەدا، پیرۆزباییی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز، ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتییەکەتان و سەرجەم مامۆستایانی هێژای ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەکەین و خەبات و تێکۆشان و بەخششتان بەرز دەنرخێنین.

هاوکات ڕۆڵی گرنگ و هەستیاری یەکێتیی زانایان بەهەند دەگرین و هیوادارین وەک هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە، زیاتر برەو بە کارنامە و چالاکییەکانتان بدەن.

دووبارە (٥٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆز بێت.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

مێلانیا ترەمپ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات

یاسین

زۆرینەی ئەو ماڵانەی لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندن، لە زستان پاڵپشتیەکانی حکوومەت نایانگرێتەوە

سەڵاح

سۆران… پڕۆژەی تۆڕی ئاوی ناحیەی بەرمیزە بە گوژمەی زیاتر له‌ یەک ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت

سەڵاح