zagros news agency

توێژینەوەیەک: تووشبوون بە هەوکردنە دەگمەنەکان لە کاتی دووگیانیدا پەیوەندیدارە بە بەرزبوونەوەی مەترسیی ئۆتیزم و لاوازیی ژیری

 

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، ئەو منداڵانەی لە کاتی دووگیانیدا لە ڕێگەی دایکەوە تووشی هەوکردنەکانی وەک سفیلیس، سوورێژەی ئەڵمانی و سیتۆمیگالۆڤایرۆس دەبن، لە بەراورد لەگەڵ منداڵانی تردا، نێزیکەی ۳ هێنده زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە ئۆتیزم و زیاتر لە ۷ هێنده مەترسیی دەستنیشانکردنی لاوازیی ژیرییان لەسەره.

 

تایبەتمەندیی هەوکردنەکانی کۆمەڵەی (TORCH):

 

توێژەران ئاماژە دەکەن کە ئەم هەوکردنانەی لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە دەگوازرێنەوە و بە کۆمەڵەی TORCH ناسراون (لەوانەش: سفیلیس، سوورێژەی ئەڵمانی، توکسۆپلازمۆس، سیتۆمیگالۆڤایرۆس و هێرپس ڤایرۆس)، دەتوانن لە پەردەی منداڵدان تێپەڕبن و زیانی ڕاستەوخۆ بە گەشەی مێشکی کۆرپەلە بگەیەنن.

 

ئەم ڤایرۆس و بەکتریایانە جیاواز لە هەوکردنە ئاساییەکان، مەترسیی لەبارچوونی کۆرپەلە، مردن لە دایکبوون و ئاڵۆزییەکانی تری دووگیانی بەرز دەکەنەوە.

 

ڕێنێ گاردنەر، توێژەر لە بەشی تەندروستیی گشتیی جیهانی لە پەیمانگەی کارۆلینسکا ڕایگەیاند: «ئەگەرچی ئەم هەوکردنە زکماکییانه دەگمەنن، بەڵام بەشێکیان شیاوی ڕێگریلێکردنن، ئەمەش لە ڕوانگەی تەندروستیی گشتییەوە زۆر گرنگییان پێدەدرێت.»

 

دەستکەوتەکانی توێژینەوەکە و بەدواداچوونی ۳ دەیە:

 

لەم توێژینەوەیەدا تۆماری ۳٫۷ ملیۆن کەس پشکنینی بۆ کراوە کە لە نێوان ساڵانی ۱۹٨۷ تا ۲۰۲۱ لە سوید لەدایکبوون؛ لەم نێوەندەدا ۹۷٥ کەس تووشبووی هەوکردنی دایکزادیی TORCH بوون و بۆ ماوەی سێ دەیە بەدواداچوونیان بۆ کراوە.

 

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە لە نێوان هەر ٥ منداڵ کە بە هەوکردنی TORCHـەوە لەدایک دەبن، ئەگەری هەیە ۱ منداڵیان لە ساڵانی دواتردا تووشی ئۆتیزم ببێت.

 

هەروەها مەترسیی تووشبوون بە لاوازیی توند تا قووڵی ژیری لەم منداڵانەدا تا ۳۰ هێنده زیاتر بووە لەو منداڵانەی تووشی هەوکردنەکە نەبوون.

 

توێژینەوەکە ٤۲۰ کەسی تووشبووی بەم هەوکردنانە دۆزیوەتەوە کە بەبێ تۆمارکردنی نیشانەی ئۆتیزم یان لاوازیی ژیری، ئاستی خوێندنیان لە قوتابخانەکاندا زۆر لاواز بووە.

 

بڵاوبوونەوە و ڕێکارەکانی ڕێگریلێکردن:

 

بەربڵاوترینی ئەم هەوکردنانە لە سەرانسەری جیهاندا سیتۆمیگالۆڤایرۆس (CMV)ـە کە نێزیکەی ۱ کۆرپه لە هەر ۱٥۰ کۆرپەیەک دەگرێتەوە، و ڕێژەکە لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند بەرزترە.

 

توێژەران جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ستراتیژییەکانی ڕێگریلێکردن کردووەتەوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی داڕشتن، جێبەجێکردن و بەردەوامیدان بە بەرنامەکانی کوتانی گشتگیر.

 

هەروەها داوایان کردووە سیستەمە تەندروستییەکان چاودێری و ڕۆشنایی بخەنە سەر دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانەی بێ‌نیشانەن، چونکە زۆرێک لە وڵاتان بە شێوەیەکی گشتگیر فلتەر و پشکنین بۆ کۆرپەکان ئەنجام نادەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕۆژانە خواردنی مۆزێک چی بەسەر جەستە دەهێنێت؟

lana

گێزەر یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ دەدات

lana

پەیوەندی نێوان قاوە خواردنەوەو نەخۆشی شەکرە

lana