zagros news agency

گەورەترین سەرچاوەی دەستلێنەدراوی وزە لە جیهاندا: گەرمیی بەفیڕۆچوو چۆن پشتبەستنی ئەورووپا بە گاز کەم دەکاتەوە؟

 

بەدەستهێنانەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی گەرمیی بەفیڕۆچوو دەکرێت ببێتە «هەنگاوێکی وەرچەرخێنەر» لە بواری ئاسایشی وزە و کێبڕکێکاریی ئەورووپادا و یارمەتیدەر بێت بۆ بڕینی پشتبەستنی ئەم کیشوەرە بە گاز.

ڕاپۆرتێکی نوێی کۆمپانیای ئەندازیاریی دانمارک (دانفۆس) دەری دەخات لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی دوو لەسەر سێی وزەی جیهان بە شێوەی گەرمی بەفیڕۆ چووە. لەگەڵ بەردەوامیی زیادبوونی داخوازی بۆ وزە، پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە لەسەدا ٥٥.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، شارەزایان گەرمیی بەفیڕۆچووی دامەزراوەکانی وەک مارکێتە گەورەکان، کارگەکان، پاڵاوگەکانی ئاوەڕۆ و نێوەندەکانی داتا بە «گەورەترین سەرچاوەی بەکارنەهێنراوی وزە» لە جیهاندا وەسف دەکەن، بەڵام حکوومەتەکان لە سوودوەرگرتن لەم دەرفەتەدا دواکەوتوون.

ئەورووپا چەندە گەرمی بەفیڕۆ دەدات و چۆن دەکرێت دووبارە بەکار بهێنرێتەوە؟

گەرمیی بەفیڕۆچوو هەمان گەرمیی زیادەیە لە پرۆسە ڕۆژانەکاندا دروست دەبێت، بۆ نموونە لە کاتی کارکردنی بەفرگرەکانی مارکێتێکدا. لە جیاتیی ئەوەی ئەم گەرمییە لە هەوادا بڵاو بێتەوە و مەترسیی توندکردنەوەی دیاردەی دوورگەی گەرمیی شارەکانی لێ بکەوێتەوە، دەتوانرێت کۆ بکرێتەوە.

ئەم کارە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕێگەی پەمپە گەرمییەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە پلەی گەرمی «بەرز دەکەنەوە» و دواتر گەرمییەکە بۆ هەمان باڵەخانە یان بۆ تۆڕێکی گەرمکەرەوەی ناوچەییی نزیک دەگوازنەوە شوێنەکە و ئاوی گەرم دابین دەکات.

یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی ئەلەمنیۆم لە دانمارک بە کەڵکوەرگرتن لەم شێوازە، بەکارهێنانی گازی لە کارگەکەی خۆیدا ڕاگرتووە؛ هەنگاوێک بەقەدەر بەکارهێنانی ساڵانەی گازی پێویست بۆ گەرمکردنەوە و ئاوی گەرمی ١٣٢ ماڵی دانمارک دەخەمڵێنرێت.

لەم شیکارییەدا هاتووە بەکارهێنانەوەی گەرمیی بەفیڕۆچوو دەتوانێت ساڵانە ١٤٠ ملیار یۆرۆ پاشەکەوت بۆ ئەورووپا دەستەبەر بکات؛ خەمڵاندنێک لەسەر بنەمای ٣١٠٠ تێراوات-کاتژمێر کراوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەفیڕۆ چووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەنیا بە گەرمیی بەفیڕۆچووی ئەورووپا دەکرێت تەواوی شاری پاریس بۆ ماوەی ٤٨ ساڵ بە وزە دابین بکرێت.

لە ئەڵمانیا سەرچاوە بەردەستەکانی گەرمیی زیادەی پیشەسازی دەتوانن زیاتر لە لەسەدا ٣٠ی پێداویستیی وڵاتەکە بە گەرمکەرەوەی ناوچەیی دابین بکەن. ئەم خەمڵاندنە نێوەندەکانی داتا ناگرێتەوە و شارەزایان دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی ئەم نێوەندانە ــ لەو وڵاتەدا زیاتر لە سێ هەزار سێرڤەریان هەیە ــ ڕێژەی دابینکردنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

کریستیان ستراند، بەرپرسی بەشی چارەسەرە کەشوهەوایییەکانی دانفۆس دەڵێت: «ئێمە خەریکین ئەو وزەیە فڕێ دەدەین پێشتر پارەمان پێ داوە.»

ناوبراو گوتیشی: «گەرمیی بەفیڕۆچوو یەکێک لە گەورەترین سەرچاوە بەکارنەهێنراوەکانی وزەیە لە جیهاندا و کەڵکوەرگرتنەوە لێی یەکێکە لە خێراترین ڕێگاکان بۆ بەهێزکردنی کێبڕکێکاری، ئاسایشی وزە و خۆڕاگریی ئەورووپا. چیتر نابێت ڕێگە بدەین ئەم وزەیە بەفیڕۆ بچێت.»

ستراند پێی وایە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود لەم توانایە، کەرتی پیشەسازی دەبێت بەدەستهێنانەوەی گەرمی بکاتە «ستانداردێکی باو». بەگەڕخەرانی وزەش دەبێت گرێدانی ئەم سەرچاوانە ئاسانتر بکەن و حکوومەتەکان ئەو بەربەستانە لاببەن لەم جۆرە وەبەرهێنانەدا کارەبا بەرانبەر گاز گرانتر دەکەن.

ناوبراو دەڵێت: «ئەگەر ئەم بەشانە لە تەنیشت یەک دابنرێن، گەرمیی بەفیڕۆچوو چیتر بەفیڕۆچوو نابێت؛ بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ وزەی هەرزانتر، خۆڕاگریی زیاتر و کێبڕکێکاریی بەهێزتر.»

هەواڵی پەیوەندیدار

هۆکارەکانی ئازاری پشت

lana

سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

یاسین

عێراق لە قەیرانێكی گەورەدایە

سەڵاح