zagros news agency

لە هەولێر کۆڕبەندی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو

 

ڕۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، کۆڕبەندی ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئۆزبەکستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و کردنهوەی ناوەندێکی بازرگانیی ئۆزبەکستان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، پێشتر شاندێکی بڕیار بەدەست کە لە 150 کۆمپانیا و بازرگانی هەرێم پێکهاتبوو سەردانی ئۆزبەکستانیان کردووە و ژمارەیەک ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکگەیشتنیان ئیمزا کردووە.

سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکان ئاشکراشی کرد: «لە ماوەی داهاتوودا ناوەندێکی بازرگانیی ئۆزبەکستانی لە شاری هەولێر دەکرێتەوە»، هاوکات ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ دابینکردنی هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک.

لە لایەکی دیکەوە، سەید خان، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی ئۆزبەکستان، تیشکی خستە سەر توانای بازرگانی و پیشەسازیی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند: «دەمانەوێت بێین لە هەرێمی کوردستان کار بکهین و زیاتر لەگەڵ بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێم هاوکاری بکهین.» ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوەندە بازرگانییەکە لە نزیکترین کاتدا دەکرێتەوە بۆ نیشاندانی بەرهەم و کاڵاکانی ئۆزبەکستان.

لەلایەن خۆشییەوە، ئەیوب خان، باڵیۆزی ئۆزبەکستان لە عێراق، جەختی لە گرنگیی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: «خۆشحاڵم بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە بازرگانییە؛ هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی زۆر جیاوازە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق و دەمانەوێت لەم هەرێمەدا سەرمایەگوزاری بکهین.»

لە بەشێکی دیکەی کۆڕبەندەکەدا، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی یەکێتیی ژوورەکان کرد و ڕایگەیاند، گرنگە بازرگانانی هەردوولا دەست بکهن بە ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆی کاڵا و بەرهەمەکانیان و هەناردە و هاوردەکردن لە نێوان هەولێر و تاشکەند بەهێزتر بکەن.
کۆڕبەندەکە بە ئەنجامدانی دیداری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی ڕووبەڕوو (B2B) لە نێوان بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئۆزبەکستان کۆتایی پێهات.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

سەربازێکی ئەمریکایی لە دەریای عەرەبدا بێسەروشوێن بووە

یاسین

كارمه‌ندی ماركێتێک ئاگر لەجەستەی خۆی بەردەدات و گیان لەدەست دەدات

یاسین