فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ (زاگرۆس )، هۆشداری دا لە مەترسییەکانی قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و جەختی لەسەر پێویستیی ئامادەکاریی ئەمنی کردەوە.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە لە ئەنجامی ئەم پاشکشەیە، ڕەنگە چەکدارانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی مادەی ١٤٠ و ناوچە جێناکۆکەکان دەستکراوەتر بن و دۆخەکە بۆ سەرهەڵدانەوەیان گونجاوتر بێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، ئاماژەی بەوە دا کە مەترسییەکی لەو شێوەیە لە ناوخۆی هەرێمدا بوونی نییە؛ چونکە ژینگە و پێکهاتەی ئەمنی و کۆمەڵایەتیی کوردستان ڕێگە بە گەشەکردن و سەرهەڵدانەوەیان نادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی ئەمنی لە ئامادەباشی و هۆشیاریی تەواودا بن.

