zagros news agency

ڕیفراندۆم وەک ئیرادەیەک؛ نەخشە ڕێگای جیۆپۆڵەتیکی بۆ پاشەرۆژی هەرێمی کوردستان

 

پ.ی.د. ساسان حکمت علی

 

مافی بڕیاردانی چارەنووس هەڵقوڵاوی یاسای نێودەوڵەتی عورفی یە و لە ئێستادا بووە بە پرەنسیپێکی جێگیر و چەسپاو لە یاسای نێودەوڵەتی گشتی دا و مافێکی یاساییە بۆ هەموو نەتەوە و گرووپێک بەبێ جیاوازی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی گشتی دا ، پرەنسیپی مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیان وەک پرەنسیپێکی یاسای نێودەوڵەتی گشتی هاوچەرخ لە دەستووری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو جاڕنامە و ڕێککەوتننامانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گەلان و مافەکانیان دەریکردووە جێگیرکراوە ، لە پاش ئەوە بووە بە مافێکی گەوهەریی یاسایی و پێشێلکردنیشی بە مانای نکۆڵیکردن دێت لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی ئاشتییە لە جیهاندا .

کەواتە دەتوانین بڵێن مافی بڕیاردانی چارەنووس ، مافی هەموو نەتەوەیەکە قەوارەیەکی سەربەخۆی هەبێت و خۆی بڕیار لە سەر کاروباری خۆی بدات . مافێکە هاوڵاتیانی نیشتمانێک بە هۆیەوە چارەنووس و بەها سیاسی و یاساییەکانی نیشتمانەکەیانی پێ دیاریی دەکەن .

لە کتێبی (گرێبەستی کۆمەڵایەتی)ی جان جاک ڕۆسۆ دا هاتووە ، هەر گەلێک وادار بە ملدانەواندن دەکرێ و ملیش دانانەوێنیت ئەوا شتێکی باش دەکات ، کاتێکیش دەتوانێ دەسەڵاتی ملکەچگەرایی ڕاماڵێت و بە کردەوەش ڕایدەماڵێت ئەوا کارێکی باشتر دەکات ، چونکە بەوە سەربەستی خۆی وەردەگرێتەوە . بیرمەندی سیاسی و کۆمەڵناس میکائیل ئەلیکساندەرۆڤیچ باکونین لە ساڵی (1866) پێی وابوو کۆمەڵگا دەبێ دووبارە ڕێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو کەس و کۆمەڵێک و هەروەها هەموو هەرێم و نەتەوەیەک مافی ڕەهایان لە بڕیاردانی چارەنووسیان هەبێت ، هەروەها مافیان هەبێت ئەو دەوڵەت و حکومەتە دیاری بکەن کە ئارەزووی دەکەن. ودورو ویلسون سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە وتارێکی دا لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا لە (22)ی کانوونی دووەمی ساڵی (1917) دا دەڵیت (ئاشتی هەمیشەیی ناهێتەدی بۆ ئەو حکومەتانەی دان بەم پرەنسیپە دا ناهێنن).

لە دەستوورنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە دیباجە و بڕگەی دووەمی ماددەی یەکەم دەڵێ (گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان نەتەوەکان دەبێت لە سەر بناغەی ڕێزگرتن لەو پرەنسیپانە بێت کە داوای یەکسانی تەواو لە نێوان گەلان دا دەکات بەوەی هەر یەکەیان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت ).

مافی چارەی خۆنووسین یەکێکە لە پرەنسیپە هەرە جوان و دادپەروەرەکانی ناو یاسای نێودەوڵەتی، بەڵام لە واقیعی سیاسەتی جیهانیدا، زۆرجار ئەم مافە ڕووبەڕووی دیوارێکی پۆڵاین دەبێتەوە کە پێی دەوترێت بەرژەوەندیی زلهێزەکان ئەم ململانێیە بریتییە لە جەنگی نێوان ئایدیالیزم (ئەوەی کە دەبێت هەبێت) و ڕیاڵپۆلەتیک (ئەوەی کە لە واقیعدا هەیە).
​وڵاتە زلهێزەکان (وەک ئەمریکا، ڕووسیا، چین و وڵاتانی ئەوروپا) سیاسەتی دەرەوەیان لەسەر بنەمای سۆز دانەڕشتووە بەڵکوو لەسەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی، هاوسەنگیی هێز، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە و سەقامگیریی ناوچەیی بونیادیان ناوە ، هەر بۆیە کاتێک گەلێک داوای سەربەخۆیی دەکات، زلهێزەکان لەبری ئەوەی بپرسن مافی خۆیانە دەپرسن ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرژەوەندییەکانمان دەبێت  ، چونکە زۆرجار ئەو نەتەوەیەی داوای سەربەخۆیی دەکات، دەکەوێتە چوارچێوەی دەوڵەتێکەوە کە خۆی هاوپەیمانێکی گرنگی ستراتیژییە بۆ زلهێزەکان لەم کاتەدا، هیچ زلهێزێک ئامادە نییە هاوپەیمانێکی خاوەن دەوڵەت و سوپا لەدەست بدات لە پێناو پشتگیریکردنی قەوارەیەکی تازە لەدایکبوودا.

مێژوو سەلماندوویەتی کە مامەڵەی زلهێزەکان لەگەڵ ئەم پرسەدا تەواو دووفاقەیە و مافەکە وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنن،  ئەگەر سەربەخۆیی گەلێک ببێتە هۆی لاوازکردنی وڵاتێکی دوژمن یان نەیار، ئەوا زلهێزەکان بەناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە پشتگیریی دەکەن (وەک نموونەی جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ لە سڕبیا کە لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ڕۆژئاوادا بوو). بەڵام ئەگەر سەربەخۆییەکە لەسەر حیسابی وڵاتێکی دۆست بێت، یان ببێتە هۆی شڵەژانی بازاڕی وزە لە ناوچەیەکی هەستیاردا، ئەوا بە توندی دژی دەوەستنەوە و بە پاساوی پاراستنی یەکپارچەیی خاک ڕەتی دەکەنەوە.

زاڵبوونیش بەسەر ئاستەنگە جیۆپۆلەتیکییەکاندا بۆ گەلانی بێ دەوڵەتی وەکوو کورد کارێکی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. لەبری پشتبەستن بە سۆز و مافە مێژووییەکان، دەبێت ئەم گەلانە بە عەقڵیەتێکی پراگماتیک (واقیعبینانە) کار بکەن و ستراتیژییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا یەکبخەن ، لەوانە بەستنەوەی ئابووری ، هەرێم خاوەن سەرچاوەی گرنگی وزەیە و پێگەیەکی جوگرافیایی ستراتیژی هەیە و دەتوانێت لە ڕێگەی گرێبەستی درێژخایەنەوە بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زلهێزەکان بە خۆیەوە ببەستێتەوە بەمەش زلهێزەکان ناچار دەبن لە پێناو سەروەتەکەی خۆیاندا بەرگری لێ بکەن. هەروەها بوون بە هێزێکی متمانەپێکراو بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە یان شەڕی دژی تیرۆر، وادەکات زلهێزەکان پێویستیان بە کورد بێت و وەک هاوبەشێکی ستراتیژی سەیری بکەن . چونکە گەورەترین وانەی ڕیفراندۆم بۆ هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە زلهێزەکان دروستبوونی دەوڵەتێک قبوڵ ناکەن کە لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە ناوەند ببەستێت و هێزێکی سەربازیی یەکگرتووی نەبێ،  ئەم ئەزموونە دەبێت ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ حکومەتی هەرێم کە سەرەتا سەربەخۆیی ئابووری (فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات، گرنگیدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی) و سەربەخۆیی سەربازی (یەکخستنی تەواوەتیی پێشمەرگە) ڕابگەیەنێت، پێش ئەوەی جارێکی تر هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی سیاسی بنێت.

ئەمەجگە لە بەکارهێنانی هێزی نەرم و دیپلۆماسیی گشتی
​و لۆبیکردن لە ناوەندەکانی بڕیار بە تایبەتی بونیادنانی لۆبییەکی بەهێز لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا ، پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوروپی ، میدیا و ناوەندەکانی توێژینەوەی وڵاتە زلهێزەکان، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر گۆڕینی ئاراستەی بڕیاری سیاسی.
​هەروەها نیشاندانی مۆدێلێکی پێشکەوتوو لە ڕووی پێشاندانی کلتووری  لێبوردەیی، پاراستنی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی (کە هەرێم لەمەدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە) وادەکات ڕای گشتیی جیهان سۆزی زیاتری بۆ دۆزی کورد هەبێت و فشار بخاتە سەر حکومەتەکانیان.  لە هەموو ئەمانەش گرنگتر یەکدەنگیی ناوخۆییە ، گەلێک کە لە ناوخۆیدا پەرتەوازە بێت، ناتوانێت لە دەرەوەش وەک یەک هێز قسە لەگەڵ زلهێزەکان بکات ، یەکڕیزیی سیاسی یەکەم هەنگاوی بەهێزبوونە . سەرەڕایی ئەمانەش دامەزراندنی سیستەمێکی شەفاف و دوور لە گەندەڵی، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت کە ئەم قەوارەیە شایستەی ئەوەیە ببێتە دەوڵەت و دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات. باشترین و دیارترین نموونە لە مێژووی هاوچەرخدا کە توانی ئەم ستراتیژییانە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات، کۆسۆڤۆیە.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ پراکتیزی مافی چارەی خۆنووسین بوو ، سەرباری ئەوەی لە کورتخایەندا لێکەوتەی قورسی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام لە ڕووی ستراتیژی و درێژخایەنەوە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە کە دەتوانرێت وەک کارتێکی بەهێز لە ئایندەدا بەکاربهێنرێت.بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم پرۆسەیە ببێتە خاڵیکی بەهێز دەبێت ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە (کە زیاتر لە ٩٢٪ی دەنگدەران دەنگیان بە بەڵێ دا) وەکوو دۆکیۆمێنتێکی زیندوو سەیری بکەین کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەسەرناچێت. پێویست ناکات هەرێمی کوردستان جارێکی تر ڕیفراندۆم بکاتەوە ، ئەم ئەنجامە دەکرێت لە هەر گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوچەییدا وەک ئیرادەی سەلمێنراوی گە لی کوردستان بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان و بە جیهان بوترێت ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، تەنها چاوەڕێی دەرفەتەکەین. هەروەها دەکرێ وەک کارتی فشار لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەکاربهێنرێت ، چونکە ڕیفراندۆم پەیامێکی ڕوون بوو بۆ بەغدا کە مانەوەی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا ئارەزوومەندانەیە نەک زۆرەملێ.و ئەگەر عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت و دەستوور مامەڵە نەکات، ئەوا ئێمە ئامادەین ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە کارا بکەینەوە.

ڕیفراندۆم هەوڵێک بوو بۆ پێدانی پەیامێک بە وڵاتانی زلهێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە ئەو نەخشەیەی لە سەدەی ڕابردوودا بەبێ خواستی کورد بەسەر ناوچەکەدا سەپێنرا، ئیتر قبوڵکراو نییە و دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و پەیامێکی ئەخلاقی و یاسایی بوو کە
​ گەلی کوردستان پێی وتن ئێمەش وەک هەر نەتەوەیەکی تری جیهان مافی ئەوەمان هەیە بە شێوازێکی ئاشتییانە و دیموکراسییانە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین و چاوەڕوانی ساتی گونجاوی جیۆپۆڵەتیکی دەکەین .

 

 

 

 

 

 

.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانى،، هەوێنى ئاشتى و پارێزەرى قەوارەى دەستوورى هەرێمى کوردستان

سەڵاح

ئه‌و په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ چیای شه‌نگال راگه‌یاند

دڵشاد

دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان: برینێکی بێدەنگی کۆمەڵگە.

دڵشاد