zagros news agency

موفتیی گەورەی سعوودیە داوا لە سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، لە شەڕی دژ بە حوسییەکان ئامادەی قوربانیدان بن

 

باڵاترین دەسەڵاتی ئایینی لە عەرەبستانی سعوودی داوای لە سەربازانی وڵاتەکەی کرد ئامادە بن لە پێناو شەڕکردن دژی گرووپی حوسییەکانی سەر بە ئێران گیانی خۆیان ببەخشن، تا ئەو کاتەی ئەو گرووپە بە تەواوی لە دەسەڵات دووردەخرێنەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لە ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی سعوودیە بڵاوکراوەتەوە، شێخ ساڵح بن فەوزان ئەلفەوزان، موفتیی گەورەی سعوودیە، پەیامێکی دەگمەن و توندی ئاراستەی هێزەکانی سەر سنووری وڵاتەکەی کردووە. موفتی لە پەیامەکەیدا بە چڕی پشتی بە ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام بۆ قوربانیدان و تێکۆشان لە پێناو خودادا بەستووە.

ئەم لێدوانە دوای چەندین هەفتە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان سعوودیە و حوسییەکان دێت؛ قۆناغێک کە تێیدا حوسییەکان بە چەندین دەستڕێژی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلاماری خاکی سعوودیەیان داوە و لە بەرامبەریشدا سعوودیە بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی وەڵامی داونەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە درەنگانی شەوی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، هاتووە:
«پاراستنی ئەم نیشتمانە مەزنە… و سزادانی هەر کەسێک کە هەوڵ بدات دەست بۆ بستێک لە خاکەکەی ببات، لە گەورەترین ئەرک و چاکترین پەرستشەکانە، کە شیاوی ئەوەیە گیان و ڕۆحی لە پێناودا ببەخشرێت لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خودادا.»

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سەپاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن (کە لەلایەن سعوودیەوە پشتیوانی دەکرێت) بەسەر تەواوی خاکی ئەو وڵاتەدا، «لە پێویستترین و گرنگترین ئەرکەکانە.»

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە دوو هەفتە لەمەوبەر هێزەکانی سەر بە حکوومەتی یەمەن کۆنترۆڵی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەبیان بۆ حوسییەکان لەدەستدا؛ ئەمەش گورزێکی نوێ بوو بۆ ڕیاز کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە لەو ململانێیەدا تێوەگلاوە. چاودێران ئێستا ئەم پرسیارە دەوروژێنن کە ئایا سعوودیە و هێزە یەمەنییە هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانتر دەستپێدەکەن یان نا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: «داوا لە خودای گەورە دەکەین پشتیوانیتان بکات و وڵاتەکەمان و یەمەنی خۆشەویست لە هەموو زیانێک بپارێزێت، هەروەها داواکارین شکستی تەواوەتی بەسەر گرووپی حوسی و هەموو ئەوانەشدا بهێنێت کە هاوکاری و پشتیوانییان دەکەن.»

موفتیی گەورەی سعوودیە لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕووی دەمی دەکاتە سەربازانی بەرەکانی پێشەوە و دەڵێت: «لەسەرتانە ئەی براکانم لە بەرەکانی پێشەوە، بەردەوام ئامادە بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانتان، گوێڕایەڵی سەرکردەکانتان بن و بەوپەڕی وردییەوە فەرمانەکان جێبەجێ بکەن… ئێوە شوێنپێی هاوەڵانی پێغەمبەر هەڵدەگرن لە بەرگریکردن لە پیرۆزییەکانی موسڵماناندا.»

 

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی مرۆیی لە لازقیە و قەرداحە دابەش دەکات

یاسین

کەشناسی: تاوە باران و بروسکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم هەیە

سەڵاح

عارف رووشدی بۆ زاگرۆس: داوا له‌ئه‌مه‌ریكا و بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌م پشكی بودجه‌ی كوردستان له‌وێوه‌ دیاری بكه‌ن و پارێزبه‌ندی بۆ دابنرێت

یاسین