zagros news agency

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ئیدانەی کوشتنی ژنێک لە هەولێر دەکات و بە خۆبەخشی دۆسیەکەی دەگرێتە ئەستۆ

 

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بە توندی ئیدانەی تاوانی کوشتنی ئافرەتێکی لە شاری هەولێر کرد کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە گیانی لێ سەندرابوو، هاوکات دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ دەستگیرکردنی خێرای تۆمەتبارەکە و ئامادەیی خۆیشی بۆ گرتنەئەستۆی دۆسیە یاساییەکە دەربڕی.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە ئاراستەی ڕای گشتی و داواکارانی مافی مرۆڤ کراوە، هاتووە: “بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هه‌واڵی تاوانێکی قێزەون و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی و یاساییمان پێگەیشت، کە تێیدا لە شاری هەولێر ئافرەتێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بێبەش کرا لە مافی ژیان.” ڕێکخراوەکە جەختیشی کردووەتەوە کە ژیانی ئافرەتان هێڵی سوورە و بە هیچ پاساوێک ڕێگەپێدراو نییە مافی ژیان لە هیچ مرۆڤێک بسەندرێتەوە.

یەکێتیی ئافرەتان دەستخۆشییەکی گەرمی لە دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە توانیویانە لە کەمتر لە شەش کاتژمێردا تاوانبارەکە دەستگیر بکەن، و ئەم هەنگاوە خێرایەی بە ئاماژەیەکی ڕوون ناوبردووە کە تاوانباران لە دەستی یاسا ڕزگاریان نابێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لە ڕێگەی پڕۆژەی (پەناوار) و پارێزەرە خۆبەخشەکانیانەوە، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هاوکاریی تەواوی یاسایی پێشکەشی ئەم دۆسیەیە دەکەن، تاکو تاوانبار بە سزای یاسایی خۆی بگات و مافی قوربانییەکە و سەروەریی یاسا پارێزراو بێت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “دڵنیایی دەدەینە جەماوەری کوردستان کە تا بڕانەوەی ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە خەبات و داپڵۆساندنی بێدەنگی بەردەوام دەبین.”

هەواڵی پەیوەندیدار

لە ئەندۆنیسیا؛ پەیوەندی بە كه‌شتییه‌كی نەفەرهەڵگرەوە پچڕا کە ٢٤٣ سەرنشینی هەڵگرتووە

سەڵاح

کەشناسی هەرێم : پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

سەڵاح

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەكات

دڵشاد