zagros news agency

دەرمانەکانی کێش کەمکردنەوە مەترسیی جەڵتەی چاویان هەیە

 

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش و چارەسەری شەکرە لە جۆری GLP-1، بەهۆی تۆمەتی پەیوەندیدار بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە جۆرێکی دەگمەنی لەدەستدانی بینایی کە بە جەڵتەی چاو (NAION) ناسراوە، رووبەڕووی سکاڵای دادوەری بوونەتەوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، سکاڵاکاران دەڵێن بەکارهێنانی دەرمانەکانی GLP-1 دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی لەناکاوی تەیاری خوێن بۆ دەماری چاو، ئەمەش مەترسیی لەدەستدانی بینایی لێدەکەوێتەوە. پەیمانگەی نیشتمانی چاو، ئەو حاڵەتە بە یەکێک لە هۆکارە باوەکانی تووشبوونی توندی دەماری چاو لە کەسانی سەروو 50 ساڵدا دەستنیشان دەکات.

دوگلاس لازارو، پزیشکی چاو لە نەخۆشخانەی نیویۆرک لانگۆن هێلس گوتی: “مەترسیی ئەم حاڵەتە لەوەدایە کە هیچ چارەسەرێکی پشتڕاستکراوی بۆ نییە و دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی زۆر توندی بینایی”.

ئەو دەرمانانەی ناویان هاتووە، بریتین لە ئۆزێمپیک و وێغۆڤی کە بەرهەمی کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسکن، هەروەها مانجارو و زێبباوند کە بەرهەمی کۆمپانیای ئیلی لیلین. لە بەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا، هەردوو کۆمپانیاکە بوونی هەر پەیوەندییەکی هۆکاری نێوان دەرمانەکانیان و ئەو حاڵەتەیان رەتکردەوە.

نۆڤۆ نۆردیسک سکاڵاکانی بە بێ بنەما وەسفکرد و جەختیکردەوە، توێژینەوەکانیان هیچ زیادبوونێک لە مەترسیی جەڵتەی چاو لەلای بەکارهێنەرانی دەرمانەکەیدا نیشان نادات.

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە نەخۆشان نابێت بە هیچ شێوەیەک بەبێ رەچاوکردنی رێنمایی پزیشکی، دەرمانەکانیان رابگرن. پێویستە پێش هەر گۆڕانکارییەک لە وەرگرتنی دەرمان، راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، چونکە ئەو دەرمانانە سوودی تەندروستیی سەلمێنراویان بۆ چارەسەرکردنی شەکرە و قەڵەوی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

خواردنەوەیەک مەترسی توشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاددەکات

lana

رۆژانە خواردنی سپێناخ سیستمی بەرگری جەستە بەهێز دەکات

lana

سودە تەندروستیەکانی پاقلەی سەوز

lana