د. عەلی ڕەشید خۆشناو، سەرۆک ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ زاگرۆس هەڵوێستی فەرمی خۆی بەرامبەر بڕیاری نوێی کابینەی عەلی زەیدی سەبارەت بە گۆڕینی نرخی فەرمی دۆلار و گەیاندنی بە ١٥٢ هەزار دینار بۆ ١٠٠ دۆلار خستەڕوو و ڕاگەیاند، کە ئەم بڕیارە بارگرانییەکی نوێ و قورسە بۆ سەر شانی هاوڵاتییان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە کەمکردنەوەی بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی ١٤.٥٪، و هەرچەندە حکومەت لە هەلومەرجێکی قورسی داراییدایە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت و بارودۆخی ناوچەکەوە، بەڵام دابەزاندنی بەهای پارەی نیشتمانی دادپەروەرانەترین ڕێگا نییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە.
سەرۆک ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هۆشداری دا لەوەی کە لە ئابوورییەکی وەک عێراقدا کە بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، دابەزینی بەهای دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زنجیرەیی تێچووی خواردن، دەرمان، ئۆتۆمبێل و کەرەستەی بیناسازی، و ئەمەش توانای کڕینی خێزانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەکات.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، د. عەلی ڕەشید خۆشناو جەختیکردەوە که چارەسەری قەیرانی دارایی تەنها لە ڕێگەی دەستکاریکردنی نرخی دۆلارەوە سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو عێراق پێویستی بە ڕێکخستنی خەرجییە گشتییەکان، ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، و ئەنجامدانی جەنگێکی ڕاستەقینە دژی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانە دزراوەکان هەیە بۆ ئەوەی بارگرانییەکان لەسەر هاوڵاتی سووک بکرێنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو داوای کرد کە هاوڵاتی نەبێتە قوربانیی یەکەمی قەیرانە داراییەکان، بەتایبەتی دوای ئەو هیوا و متمانەیەی کە لە ڕێگەی هەنگاوەکانی دژ بە گەندەڵی لە دڵی خەڵکدا دروست بووبوو، جەختیشی لەوە کردەوە کە: “کاتێک نرخەکان بەرز دەبن، ئەوە تەنها ژمارەیەک لەسەر تابڵۆی بازاڕ نییە؛ بەڵکو پارچەیەک لە توانای ژیانی هەر خێزانێکی عێراقییە.”

