خەریکبوون بە چالاکییە داهێنەرەکانەوە ڕاستەقینە دەتوانێت وابکات مێشک گەنجتر کار بکات و بەکارهێنانی تواناکانی داهێنان لەوانەیە ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ پاراستنی مێشک بە تەندروستی و گەنجی.
توێژینەوە نوێیەکان نیشان دەدەن خەریکبوونی ڕێک و پێک بە چالاکییە داهێنەرەکانەوە وەک وێنەکێشان، سەما یان یارییە ڤیدیۆیییەکان، بەبێ گوێدانە تەمەنی ڕاستەقینەت، دەتوانێت یارمەتیی گەنجتر مانەوەی مێشک لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بدات، چونکە داهێنان بە بەهێزکردنی نەرمی و گونجاندنی دەماری، تەندروستیی مێشک بەهێز دەکات و یارمەتیی پاراستنی چالاکیی مێشک لە درێژایی کاتدا دەدات. هەواڵە خۆشەکەش ئەوەیە کە پێویست ناکات لەم جۆرە چالاکییانەدا پیشەگەر بیت. تەنها بەشداریکردن لە ئاڵنگارییە داهێنەرەکاندا دەتوانێت سوودی ڕاستەقینە و بەرچاو بۆ فرمانی درێژخایەنی مێشک هەبێت.
هەموومان دەربارەی ڕێگا جیاوازەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشک بیستوومانە. لە خواردنی زیاتری خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە دژە-ئۆکسیدانەوە بگرە تا چارەسەرکردنی ڕۆژانەی خشتەی سوودۆکۆ. ئەم ڕێگایانە هەرچەندە بۆ پاراستنی فرمانی مێشک گرنگن، توێژینەوەکان نیشان دەدەن چالاکییەکی کەمێک خۆشتر لەوانەیە کلیل بێت بۆ تەندروستیی درێژخایەنی مێشک و ئەویش داهێنانە.
توێژینەوەیەکی تازە کە لە گۆڤاری “نەیچەر کۆمیونیکەیشنز” بڵاو کراوەتەوە، نیشان دەدات خەریکبوون بە چالاکییە داهێنەرەکانەوە ڕاستەوخ دەتوانێت وای لێ بکات مێشک گەنجتر کار بکات و بەکارهێنانی تواناکانی داهێنان لەوانەیە ئامرازێکی بەهێز بێت بۆ پاراستنی مێشک بە تەندروستی و گەنجی.
ڕامسێس ئاڵکایدێ، زانای زانستەکانی دەمار، دەڵێت: “ئەم توێژینەوەیە لە ڕاستیدا پشتڕاستکردنەوەیەکی زانستی، بەهێز و گەورە بۆ شتێک دابین دەکات کە بە شێوەیەکی هەستپێکراو دەمانزانی، بەڵام پێوانەکردنی بۆمان دژوار بوو. بەکارهێنانی مێشک بە شێوازە داهێنەرەکان یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێکارەکان کە بۆ تەندروستیی درێژخایەنی مێشک لە بەردەستماندایە.”
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕیڵسیمپڵ، زانایانی ئەم توێژینەوەیە ویستیان بزانن داهێنان چۆن دەتوانێت لە درێژایی کاتدا، پارێزگاری لە فرمانی مێشک بکات. توێژەران لەم لێکۆڵینەوەیەدا، “تەمەنی مێشک”یان لێک دایەوە؛ تەمەنێک کە لەسەر بنەمای چۆنیەتیی کارکردن و پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی مێشک مەزەندە دەکرێت و بە ناچاری لەگەڵ تەمەنی ساڵنامەیی کەسەکە، واتە ژمارەی ئەو ساڵانەی کە لە لەدایکبوونییەوە تێپەڕیوە، یەکسان نییە.
ئاڵکایدێ دەڵێت: “وا دابنێ: مۆڵەتی لێخوڕینەکەت تەمەنی ساڵنامەییت نیشان دەدات، بەڵام کارکردی مێشکت، بەپێی ئەوەی چۆن بەکارت هێناوە، دەتوانێت کەمتر یان زیاتر بێت. مێشکێک کە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە گەنجترە، بە گشتی پەیوەندیی خێراتری نێوان بەشە جیاوازەکانی خۆی هەیە. لە مێشکی بەتەمەندا، ئەم پەیوەندییانە خاوترن.”
لەو توێژینەوەیەدا، توێژەران بۆ لێکۆڵینەوە لە فرمانی مێشکی زیاتر لە ١٢٠٠ بەشداربوو، نۆواری مێشکیان لێ گرتن و داتا کۆکراوەکانیان بە بەکارهێنانی فێربوونی مەکینەیی شیکار کرد. مۆدێلەکان فێر بوون لەسەر بنەمای شێوازەکانی پەیوەندیی مێشک، تەمەنی مێشک پێشبینی بکەن. پاشان توێژەران ئەم پێشبینییانەیان لەگەڵ تەمەنی ساڵنامەیی هەر کەسێک بەراورد کرد.
بەراوردکردنی ئەنجامەکان نیشانی دا مێشکی ئەو کەسانەی لە بوارە داهێنەرەکاندا چالاکییان دەکرد – سەمایەرە پیشەگەرەکان، مۆسیقاژەنان، هونەرمەندان و یاریزانە لێهاتووەکانی یارییە ڤیدیۆیییەکان – بە شێوەیەکی بەرچاو گەنجتر بوو لە تەمەنی ساڵنامەیییان.
ئاڵکایدێ دەڵێت: “لە هەموو گرووپەکاندا، مێشکی ئەو کەسانەی لە چالاکییە داهێنەرەکاندا پسپۆڕ بوون، لە ڕووی بایۆلۆژییەوە گەنجتر بوو. بۆ نموونە، تەمەنی مێشکی سەمایەرە لێهاتووەکانی تانگۆ بە تێکڕا حەوت ساڵ کەمتر بوو لە کەسانی گرووپی بەراورد کە سەماکردنیان نەدەزانی.”
توێژەران دەڵێن هۆکاری ئەم کاریگەرییە دیاردەیەکە بە ناوی نەرمی و گونجاندنی دەماری؛ واتە توانای مێشک بۆ بەهێزکردن و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ئەزموونە تازەکان. هەر جارێک شتێکی نوێ فێر دەبیت، پەیوەندییەکان لە نێوان بەشە جیاوازەکانی مێشکدا دروست دەبن کە یارمەتیی پاراستنی خێرایی پەیوەندی و باری گونجاوی ئەم بەشانە دەدەن. چالاکییە داهێنەرەکان مێشک ناچار دەکەن کێشە چارەسەر بکات و خۆی بگونجێنێت و بەم شێوەیە، ئەم تۆڕە پەیوەندییە ناوەکییە بەهێز دەکەن.

