توێژەران لە رێگەی تاقیکردنەوەی چەند پێکهاتەیەکی نوێ بۆ ئایسکرێم، ئەنجامی سەرەتایی ئەرێنییان لەبارەی کەمکردنەوەی کاریگەریی شیرینی لەسەر ئاستی شەکری خوێن بەدەستهێناوە. لەو تاقیکردنەوەیەدا کە 101 کەس بەشدارییان تێدا کردووە، توێژەران شەکرەیان بە پرۆتینێکی زۆر شیرین گۆڕیوەتەوە.
پرۆتینی “برازین” کە لەو تاقیکردنەوەیەدا بەکارهاتووە، بە رادەی 2000 هێندەی شەکر شیرینە، ئەمەش رێگە دەدات بە بەکارهێنانی بڕێکی زۆر کەم بۆ شیرینکردنی خۆراک. توێژینەوەکە لە گۆڤاری “کلینیکال نیوتریشن ئێسپن” بڵاوکراوەتەوە و روونیکردەوە، ئەو ئایسکرێمەی بەو پرۆتینە ئامادەکراوە، ئاستی شەکری خوێن دوای خواردنی بە بەراورد بە ئایسکرێمی ئاسایی بە نزیکەی نیوە کەم دەکاتەوە.
توێژەرانی ناوەندی فیدراڵیی توێژینەوەکانی خۆراک و بایۆتەکنۆلۆژیا و سەلامەتیی خۆراک لە رووسیا، سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەکەیان کردووە. بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە ئەو کەسانە بوون کە نەخۆشیی چەوریی جگەری پەیوەست بە تێکچوونی مێتابۆلیزمیان هەبووە، لە نێوانیاندا تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەمیش هەبوون.
بەشداربووان لە سێ رۆژی جیاوازدا، هەر جارەی 100 گرام ئایسکرێمی ڤانیلایان خواردووە؛ یەکێکیان بە شەکر شیرین کراوە، دووەمیان پرۆتینی “برازین”ـی تێدابووە و سێیەمیشیان پرۆتینەکە لەگەڵ ریشاڵی “ئینولین” تێکەڵ کراوە. لە رێگەی ئامێری چاودێریکردنی بەردەوامی گلوکۆز، توێژەران گۆڕانکارییەکانی ماوەی دوو کاتژمێر و نیوی دوای خواردنی ئایسکرێمەکەیان بەدواداچوون بۆ کردووە. ئەنجامەکان لە نێو تووشبووانی شەکرەی جۆری دووەمدا روونتر بوون و هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی مەترسیداریش لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا تۆمار نەکراوە.
پرۆتینی “برازین” سەرەتا لە میوەیەکی خۆرئاوای ئەفریقیا دۆزراوەتەوە و ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی کەڕووی دەستکاریکراوی بۆماوەییەوە بەرهەم دەهێنرێت. لەشی مرۆڤ دەتوانێت ئەو پرۆتینە هەرس بکات و وەک پرۆتینێکی خۆراکی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەو پرۆتینە توانای بەرگەگرتنی پلەی گەرمیی تا 80 پلەی سەدی و ئاستێکی فراوانی ترشەڵۆکی هەیە، ئەمەش دەرفەتی بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی خۆراکە جۆراوجۆرەکاندا زیاد دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕینی شەکر لە ئایسکرێمدا تەنیا پەیوەست نییە بە شیرینییەکەوە، چونکە شەکر کاریگەریی لەسەر قەبارە و خەستیی بەرهەمەکەش هەیە، بۆیە پەرەپێدانی جێگرەوەکان پێویستی بە پێکهاتەی دیکە هەیە بۆ پاراستنی تایبەتمەندییە باوەکانی بەرهەمەکە.
توێژەران پێیان وایە پەرەپێدانی جێگرەوە بۆ شیرینییە باوەکان، یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی شەکری زیادکراو بەبێ ئەوەی پێویست بکات خەڵک بە تەواوی واز لە خواردنی شیرینی بهێنن. سەرەڕای ئەمانەش، توێژەران جەخت لە پێویستیی ئەنجامدانی توێژینەوەی درێژخایەن دەکەنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەو جێگرەوانە سوودی تەندروستیی بەردەوامیان هەیە، چونکە ئەو ئەنجامانە بە واتای دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیی شەکرە یان چەوریی جگەر نایەن.

