کاریگەرییەکانی خۆگرتنەوە لە خواردن بۆ چەند رۆژێک، تەنیا لە ناچارکردنی جەستە بۆ سووتاندنی چەورییە کۆگاکراوەکان کورت نابێتەوە، بەڵکو گۆڕانکاریی بایۆلۆجیی بەرفراوان لە ئەندام و سیستمە جیاوازەکانی جەستەدا دروست دەکات. توێژینەوەیەک دەریدەخات، زۆربەی ئەو گۆڕانکارییانە تا نزیکەی سێ رۆژ بەبێ وەرگرتنی کالۆری بە روونی دەرناکەون.
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە وێنەیەکی ورد لەسەر شێوازی کاردانەوەی جەستەی مرۆڤ بەرامبەر بە رۆژووی درێژخایەن پێشکەش دەکەن. ئەو کاریگەرییانەی ئاشکرا کراون، لە سنووری دابەزاندنی کێش و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی میتابۆلیزم تێدەپەڕن. بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ScienceDaily کە لە گۆڤاری Nature Metabolism بڵاوکراوەتەوە، ئەنجامەکان دەرگەیەک بۆ توێژینەوەی داهاتوو دەکەنەوە کە لەوانەیە یارمەتی پەرەپێدانی چارەسەرگەلێک بدەن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ لە خواردن خۆی بگرێتەوە.
توێژینەوەکە لەلایەن زانایانی پەیمانگەی توێژینەوەی چاودێریی تەندروستیی ورد (PHURI) لە زانکۆی کوین ماری لە لەندەن و قوتابخانەی نەرویجی بۆ زانستەکانی وەرزش ئەنجامدراوە. توێژەران بە دیاریکردنی گۆڕانکارییە مۆلیکولییەکانی پەیوەست بە رۆژوو، هەوڵ دەدەن بناغەیەک بۆ توێژینەوەی داهاتوو دابنێن، تا چارەسەرێک پەرە پێ بدەن کە هەندێک لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی رۆژوو لەخۆ بگرێت، ئەوەش بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە ناتوانن بە سەلامەتی رۆژووی درێژ بگرن.
مرۆڤ بە شێوەیەک گەشەی کردووە کە دەتوانێت ماوەیەکی زۆر بەبێ خواردن بەرگە بگرێت، توانایەک کە لە سەردەمانی نەبوونی دڵنیایی لە دەستکەوتنی ژەمەکاندا پێویست بووە. ئەمڕۆ ملیۆنان کەس بە هۆکاری ئایینی، کولتووری، پزیشکی یان بە مەبەستی دابەزاندنی کێش رۆژوو دەگرن. رۆژوو مێژوویەکی درێژی لە بواری پزیشکیدا هەیە و بۆ بەڕێوەبردنی چەندین دۆخی تەندروستی، وەک نەخۆشیی سەرە و هەوکردنی جومگەکانی رۆماتۆیدی بەکارهاتووە.
یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییەکانی کاتی رۆژوو، گۆڕانی سەرچاوەکانی وزەی جەستەیە. لە بارودۆخی ئاساییدا، جەستە زۆربەی وزەکەی لەو گلوکۆزە وەردەگرێت کە لە خواردن دەست دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆگرتنەوە لە خواردن و تەواوبوونی سەرچاوەکانی وزە، جەستە وردەوردە زیاتر پشت بە چەورییە کۆگاکراوەکان دەبەستێت.
سەرەڕای ئەوەی زانایان ئەم گۆڕانکارییە میتابۆلییە بنەڕەتییەیان دەزانی، بەڵام کاریگەریی رۆژووی درێژخایەن لەسەر بەشەکانی دیکەی جەستە کەمتر روون بوو، بەتایبەت لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە بایۆلۆجییانەی کە لەوانەیە سوودبەخش یان زیانبەخش بن.
تەکنیکە نوێیەکانی شیکردنەوەی پرۆتینەکان رێگەیان بە وردبوونەوەی زیاتر لەو کاریگەرییانە داوە. پرۆتینەکان ئەرکی جۆراوجۆر لە جەستەدا دەبینن، وەک بنیاتنانی شانەکان، رێکخستنی کاردانەوە کیمیاییەکان و گواستنەوەی نیشانەکان لەنێوان خانەکاندا. پێوانەکردنی هەزاران پرۆتین لە خوێندا، وێنەیەکی بەرفراوان لەسەر شێوازی کاردانەوەی ئەندام و سیستمە بایۆلۆجییەکان بەرامبەر بە رۆژوو دەدات.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریدەخەن کە کاریگەریی رۆژووی درێژخایەن دەگاتە نطاقێکی بەرفراوانی پرۆسە بایۆلۆجییەکان. کلۆدیا لانگنبێرگ، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی چاودێریی تەندروستیی ورد لە زانکۆی کوین ماری لە لەندەن رایگەیاند: “ئەم توێژینەوەیە بۆ یەکەمجار رێگەی داوە ببینین لە کاتی رۆژوودا لەسەر ئاستی مۆلیکولی لە جەستەدا چی روودەدات”.
لانگنبێرگ روونیکردەوە، رۆژوو ئەگەر بە سەلامەتی ئەنجام بدرێت، دەکرێت رێگەیەکی کاریگەر بێت بۆ دابەزاندنی کێش. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستەمە خۆراکییە باوەکان وەک رۆژووی پچڕپچڕ، سوودێکی تەندروستییان هەیە کە لە دابەزاندنی کێش تێدەپەڕێت. ئەنجامەکان بەڵگەن بۆ هەبوونی کاریگەریی تەندروستیی ئەگەری، بەڵام ئەوانە تا سێ رۆژ لە خۆگرتنەوەی تەواو لە وەرگرتنی کالۆری بە روونی دەرنەکەوتوون، ئەوەش ماوەیەکە لەوەی پێشتر بیری لێ دەکراوەتەوە، درێژترە.
کاتی دەرکەوتنی ئەم گۆڕانکارییانە گرنگییەکی تایبەتی لە لێکدانەوەی ئەنجامەکاندا هەیە، چونکە رۆژووی پچڕپچڕ بەزۆری ماوەی کورتی خۆگرتنەوە لە خواردن لەخۆ دەگرێت، لە کاتێکدا ئەم توێژینەوەیە سنووردارکردنی تەواوی کالۆریی بۆ چەند رۆژێک تاوتوێ کردووە. بۆیە ئەنجامەکان بەو مانایە نین کە ماوە کورتەکانی رۆژوو بە ناچاری هەمان کاریگەرییە بایۆلۆجییەکانی دەبێت.
لە جیاتی ئەوە، توێژینەوەکە یارمەتی دیاریکردنی ئەو قۆناغە دەدات کە تێیدا هەندێک لە گرنگترین کاردانەوە مۆلیکولییەکانی پەیوەست بە رۆژووی درێژخایەن دەست پێ دەکەن، ئەوەش تێگەیشتنێکی وردتر لەبارەی جیاوازییەکانی کاریگەرییەکانی لەسەر میتابۆلیزم و گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی دیکەی جەستە دەدات.
تێگەیشتن لەو میکانزمانەی بەرپرسن لە گۆڕانکارییە بایۆلۆجییەکانی رۆژوو، لە کۆتاییدا لە خودی رۆژووەکە گرنگترە. دیاریکردنی ئەو رێڕەوە مۆلیکولییانەی پەیوەستن بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانەوە، دەکرێت رێگە بۆ پەرەپێدانی چارەسەرێک خۆش بکات کە ئەو رێڕەوانە چالاک دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات مرۆڤ چەند رۆژێک لە خواردن خۆی بگرێتەوە.
ئەم ئاراستەیە دەکرێت ببێتە بژاردەیەکی گرنگ بۆ ئەو کەسانەی کە دۆخی تەندروستییان رێگەیان پێنادات بە سەلامەتی رۆژووی درێژ بگرن، یان پابەندبوون پێیەوە بۆیان بە کردەیی نییە.
مایک بیتزنەر، سەرۆکی بەشی داتای تەندروستی لە پەیمانگەی PHURI و هاوسەرۆکی گرووپی پزیشکی کۆمپیوتەری لە پەیمانگەی بەرلین بۆ تەندروستی لە نەخۆشخانەی شاریتی گوتی: “ئەنجامەکان بناغەیەکی زانستی بۆ هەندێک لە زانیارییەکانی پێشوو لەبارەی هۆکاری بەکارهێنانی رۆژوو بۆ چارەسەرکردنی دۆخە تەندروستییە دیاریکراوەکان پێشکەش دەکەن”.
بیتزنەر روونیکردەوە، رۆژوو سەرەڕای ئەوەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک دۆخدا دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام بۆ زۆر نەخۆش کە بەدەست کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن، بژاردەیەکی بەردەست نییە. ئەو هیوای خواست ئەنجامەکان یارمەتیدەر بن لە لێکدانەوەی هۆکارەکانی سوودی رۆژوو لە حاڵەتە دیاریکراوەکاندا، تا بتوانرێت سوود لەو زانیارییانە لە پەرەپێدانی چارەسەردا وەربگیرێت کە نەخۆشەکان لە داهاتوودا بەکاری دەهێنن.
توێژینەوەکە نەخشەیەکی مۆلیکولیی ورد لەسەر شێوازی خۆگونجاندنی جەستەی مرۆڤ لەگەڵ رۆژووی درێژخایەن پێشکەش دەکات و تیشک دەخاتە سەر جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان گۆڕانکارییە میتابۆلییەکانی سەرەتا و گۆڕانکارییە بایۆلۆجییە بەرفراوانەکان. لە کاتێکدا جەستە لە رۆژانی یەکەمی رۆژوودا دەست بە پشت بەستنی زیاتر بە چەورییە کۆگاکراوەکان دەکات، زۆربەی گۆڕانکارییەکانی دیکەی پەیوەست بە رۆژوو تا نزیکەی سێ رۆژ بەبێ وەرگرتنی کالۆری، بە روونی بەدی ناکرێن.
ئەم جیاکارییە یارمەتی توێژەران دەدات لەنێوان گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە دابەزینی کێش و کاردانەوە بایۆلۆجییە بەرفراوانەکاندا جیاکاری بکەن، هەروەها بناغەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری محاکاتکردنی ئەو کاردانەوانە لە داهاتوودا دابین دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات کەسەکان بۆ ماوەی درێژ لە خواردن خۆیان بگرنەوە.

