تۆڕی هەواڵی ئەمریکی «سیئێنئێن» ئاشکرای کرد کە بەڕێوەبەرایەتی ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە بەکارهێنانی بۆمبی گەورەی «جیبییو-٤٣/بی»، کە بە «دایکی بۆمبەکان» ناسراوە، دژی ئێران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی سیئێنئێن لە سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئەمریکا پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان ئامادە کردووە؛ هێرشگەلێک کە ڕەنگە ژێرخانی وزە و شوێنە ناوکییەکانی ئێران بگرێتە ئامانج، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هەڵبژاردەی سەربازی بە ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. هەروەها، سەرۆکی ئەمریکا داوای پێشکەشکردنی هەڵبژاردەی زیاتر لە سوپا کردووە کە لەوانەیە هێرش بۆ سەر ژێرخانە گەورەکانیش لەخۆ بگرێت.
سیئێنئێن، بە گواستنەوە لە بەرپرسیارێک لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە واشنگتن خۆی بۆ چەندین سیناریۆی فراوان دژی ئێران ئامادە دەکات و سوپاش خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەگەری ئێران.
بەپێی هەمان سەرچاوە، گەیشتن بە هەندێک لە ئامانجە پێشنیارکراوەکان دژی ئێران، لەوانەیە پێویستی بە بەکارهێنانی بۆمبی «جیبییو-٤٣/بی» هەبێت. ئەم بۆمبە بە گەورەترین چەکی نائەتۆمی لە جبەخانەی ئەمریکا دادەنرێت.
لە هەمان کاتدا، بەکارهێنانی ئەم بۆمبە دەتوانێت هەنگاوێکی بەرچاو بێت بەرەو توندترکردنەوەی ملمڵانێی سەربازی لەگەڵ ئێران. بەڵام، بەپێی سیئێنئێن، هێشتا پرسیار لەبارەی ئەوەوە هەیە کە تا چەند بەکارهێنانی ئەم چەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنگتن دابین بکات.

