وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند کە دەرگای هاوردەکردنی بۆ سێ بەرهەمی کشتوکاڵی (پەتاتە، تەماتە و پیاز) کردووەتەوە؛ لەگەڵ ڕاگرتنی وەرگرتنی ڕسووماتی گومرگی و باجی سەپێنراو بەسەر بەرهەمەکانی هێلکە، مریشک و گوشتی زیندووی هاوردەکراودا.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا روونی کردەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی زەیدی و بەدواداچوونی وەزیری کشتوکاڵ، عەبدولڕەحیم ئەلسەمەری، دەرچووە.
ئامانج لەم هەنگاوە بریتە لە چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی بەرزیی نرخەکانی خۆراک، کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، پاراستنی ئاسایشی خۆراک، و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و سوودوەرگرتن لە دۆخی بازار.
دەرچوونی ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی بەرزبوونەوەی نرخ کە ڕووی لە سەوزە و گوشتی سوور و سپی لە بازاڕەکانی عێراق کردبوو؛ ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی تێکچوونی نرخی ئاڵوگۆڕی دراوە بووە.

