توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئێرڤاین و تاقیگەی پاڵنەری فڕۆکەوانیی سەر بە ئاژانسی ناسا رایانگەیاند، کاریگەریی گەورەترین سەهۆڵبەندان لەسەر رووی زەوی، کە بە “سەهۆڵبەندانی رۆژی دوایی” ناسراوە، لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی رووی دەریاکانی جیهان رەنگە دوو هێندەی ئەو بڕە بێت کە پێشتر مەزەندە دەکرا.
گۆڤاری Nature Communications بڵاویکردەوە، بەپێی مۆدێلە نوێکەی توێژەران بۆ روپۆشی سەهۆڵینەکە، رەنگە کاریگەریی سەهۆڵبەندانی رۆژی دوایی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی رووی دەریاکان تا ساڵی 2100 بگاتە 30 ملیمەتر، ئەگەر پلەکانی گەرماش زیاتر بەرز نەبنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە مەزەندە پێشووەکان تەنیا نیوەی ئەو بڕە بوون.
توێژەران بۆ توێژینەوەکە پشتیان بە داتاکانی گرووپی مانگە دەستکردەکانی فینلاندی ICEYE لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا بەستووە. ئەوان تۆماریان کردووە ئاوی دەریاکان بە قوڵایی چەند کیلۆمەترێک دەچنە ژێر بەشی بنەڕەتیی سەهۆڵبەندانەکە و لە کاتی کێش و هەڵکشاندا بەرزیدەکەنەوە، هاوکات بەهۆی شەپۆلە گەرمەکانەوە سەهۆڵەکە دەهاڕن، ئەمەش پرۆسەی توانەوەی سەهۆڵەکە لە بنکەکەیەوە خێراتر دەکات.
سەهۆڵبەندانی توەیتس بە “سەهۆڵبەندانی رۆژی دوایی” ناسراوە، چونکە بە پانیی نزیکەی 120 کیلۆمەتر، گەورەترین سەهۆڵبەندانە لەسەر رووی زەوی. ئەم سەهۆڵبەندانە نزیکەی سێیەکی کۆی گشتیی ئەو سەهۆڵانە پێکدەهێنێت کە لە روپۆشی سەهۆڵی کیشوەری جەمسەری باشوور لەدەست دەچن، هەروەها ئاوی گەرمی زەریاکان ئەو سەهۆڵە لەو شوێنەی لە بنکەکەی جیا دەبێتەوە لاواز دەکەن و بەرەو ناوچە قوڵترەکان پاڵی پێوە دەنێن، ئەمەش رێگە بۆ گەیشتنی سەهۆڵی زیاتر بۆ ناو زەریا خۆش دەکات.
ماتیا بوینێلی، توێژەر لە تاقیگەی پاڵنەری فڕۆکەوانی، روونیکردەوە گردە جێگیرەکان رێگری لە خلیسکانی سەهۆڵەکە بۆ ناو زەریا دەکەن، چونکە بەشە سەرەکییەکەی لەلایەن زنجیرە چیای موجینۆوە جێگیر کراوە.
نموونەسازییە کۆمپیوتەرییەکان ئەگەری 60%ـی داڕمانی زنجیرە چیای موجینۆیان تا کۆتایی سەدەی بیست و یەکەم نیشانداوە.
ئێریک رینۆ، مامۆستای زانستی سیستەمی زەوی لە زانکۆی کالیفۆرنیا، روونیکردەوە مۆدێلە نوێکە وەک گشتگیرترین مۆدێل بۆ پرۆسە فیزیکییەکان، دەتوانێت شێوازی توانەوەی چاودێریکراو لاسایی بکاتەوە. پێشبینییەکانی ئەم مۆدێلە دوو هێندە لە پێشبینییەکانی مۆدێلە پێشووەکان وردترن.

