بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە باوەی لای زۆر کەس هەیە، شارەزایانی بواری نانەواخانە جەختدەکەنەوە کە هێشتنەوەی نان لەناو ساردکەرەوەدا (سەلاجە) ڕێگەیەکی گونجاو نییە بۆ پاراستنی نەرمییەکەی، بەڵکو پڕۆسەی لەدەستدانی نەرمیی نان خێراتر دەکات.
سۆفیا هاندشۆ، هاوبەشی دامەزرێنەری نانەواخانەیەک لە لەندەن، ڕوونیکردەوە کە نەرمیی نان دوای دەرچوونی لە فڕن دەست بە گۆڕان دەکات و بۆ پاراستنی، باشترە کیسەی کاغەزیی دژە چەوری یان پێچەری مۆمی هەنگوین بەکاربهێنرێت. لەلایەکی دیکەوە، ڕەیسڵ مۆرگان هۆشداری دا کە سندوقەکانی نان ڕەنگە شێ ڕابگرن و ببەنە هۆی گەشەکردنی کەڕوو.
هاوکات، فلۆرین گراما، کە پشت بە توێژینەوەیەک دەبەستێت، ئاماژەی بەوە کرد کە نان لە پلەی گەرمیی 7 پلەی سیلیزیدا لە ماوەی تەنها یەک ڕۆژدا ئەوەندەی نەرمییەکەی لەدەست دەدات کە نانێکی دیکە لە پلەی 30 پلەی سیلیزیدا لە ماوەی 6 ڕۆژدا لەدەستی دەدات.
شارەزایان پێشنیار دەکەن کە بۆ ماوەی درێژ نان بخرێتە بەستەڵەکەوە (سەلاجەی بەفر)، یان بۆ زیندووکردنەوەی نانی وشکبوو، لە فڕندا بۆ ماوەی 5 تا 10 خولەک گەرم بکرێتەوە. هەروەها دەکرێت نانی وشک لەبری فڕێدان، بە تێکەڵکردنی لەگەڵ زەیتی زەیتوون، سیر و گژوگییا لە خواردنەکانی وەک زەڵاتە، شۆربا و مەعکەرۆنیدا بەکاربهێنرێت، بە مەرجێک نیشانەی تێکچوون و کەڕووی پێوە دیار نەبێت.

