zagros news agency

توێژەران جۆرێکی نوێی خەمۆکییان دەستنیشان کرد

 

توێژەرانی ئوسترالیا جۆرێکی نوێی خەمۆکییان دەستنیشان کردووە بە تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجیی لەشەوە بەستراوەتەوە. ئەم جۆرە بە «خەمۆکیی شەوڕۆژی» ناودێر کراوە و کەمتر بە دەرمانە باوەکانی دژەخەمۆکی وەڵام دەداتەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە گۆڤاری دەروونپزیشکیی بەریتانیا بڵاو کراوەتەوە، زانیاریی پزیشکی و بۆماوەییی ١١ هەزار و ٣٨٠ هاووڵاتیی ئوسترالیا پشکنراوە و دەرکەوتووە نزیکەی لەسەدا ٢٣ی بەشداربووان تووشی ئەم جۆرە خەمۆکییە بوون. توێژەران پێشبینی دەکەن ئەم نەخۆشانە لە ڕێگەی مێلاتۆنین و ڕووناکیدەرمانییەوە باشتر چارەسەر وەربگرن.
دکتۆر ئێمیلیانا تۆنینی لە نێوەندی مێشک و هزری زانکۆی سیدنی دەڵێت: ئەو نەخۆشانەی نیشانەکانی وەک درەنگ خەوتن، خەوی درێژ لە کاتی خەمۆکیدا، شەونخوونی و جیاوازیی بەرچاوی کاتی خەو لە نێوان ڕۆژانی هەفتە و پشووەکاندا پێشان دەدەن، تووشبووی ئەم پۆلێنکردنە نوێیەن. ناوبراو ڕوونی کردەوە ئەم کەسانە نیشانەی دەروونیی توندتر، هەوڵی زیاتری خۆکوژی و لە تەمەنێکی کەمتردا دەستپێکی نەخۆشییەکەیان لەخۆ گرتبوو.
هەروەها دەرکەوتووە دەرمانە باوەکانی وەک SSRI و SNRI بۆ ئەم نەخۆشانە کەمتر کاریگەر بوون و زیانی لاوەکیی زۆرتریان لێ کەوتووەتەوە. پرۆفیسۆر ئیان هیکی لەم بارەیەوە گوتی: ڕێکخستنی خولی خەو و هەستان، بەرکەوتنی تیشکی بەیانیان و کاتی ژەمەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشانە بایەخێکی چارەنووسسازیان هەیە. توێژەران جەختیان لەوە کردەوە تاقیکردنەوەکان تەنیا لەسەر کەسانی بەڕەچەڵەک ئەورووپایی ئەنجام دراون و پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سێ زانا بەهۆی کۆنترۆڵکردنی خانەکانی مێشک لە ڕێگەی ڕووناکییەوە خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بەدەست دەهێنن

سەڵاح

زیادەڕەویکردن لە خواردنەوەی قاوە ئەم شەش زیانە تەندروستیەی دەبێت

lana

لیژنەی تەندروستی پەرلەمان: زۆربەی تووشبوانی ئایدز لە سەنتەرەکانی جوانکاری بووە

سەڵاح