zagros news agency

سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و ڕەخساندنی ١٢٠ هەزار هەلی کاری نوێی دا

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێنماییی دەرکرد بۆ جێگیرکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکاران لەسەر میلاکی هەمیشەیی، هاوکات لەگەڵ هێنانەکایەی ١٢٠ هەزار پلەی وەزیفیی نوێ بە شێوەی گرێبەست لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧دا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، بڕیارەکە لە میانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا هاتووە بە سەرۆکایەتیی زەیدی، کە تێیدا وردەکاری و هێڵە گشتییەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧ بە ئامادەبوونی محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی تاوتوێ کرا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کە لە پاڵ بەهەمیشەییکردنی گرێبەستە کۆنەکاندا، ١٢٠ هەزار پلەی وەزیفیی نوێ بۆ سەرجەم چین و توێژەکان بڕەخسێنرێت. بڕیاریشە ئەو پلە وەزیفییانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن، هاوکات سەکۆیەکی (پلاتفۆرم) ئەلیکترۆنیی تایبەت بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکان دەکرێتەوە تا پڕۆسەی دامەزراندنەکە بە شەفافی و دادپەروەری بەڕێوە بچێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگ و گوشارە داراییەکان، حکومەت پابەندە بە دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و بەردەوامیدان بە ڕێکارەکانی جێگیرکردن بەپێی سیاقی یاسایی. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدایە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی وەزیفی و بژێویی هاووڵاتییان و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ توێژی گەنجان.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا ڤیزای زیاتر لە ١٧٥ هەزار بیانی هەڵوەشاندەوە

سەڵاح

جۆو بایدن: پێشبینی دەکەین تاران لە ماوەیەکی نزیکدا هەوڵی لێدانی ئیسرائیل بدات

یاسین

وەزیری دادی تورکیا: لە ٣٣ شاردا ٩٧ کەس لەسەر سووتانی دارستانەکان دەستگیر کراون

یاسین