zagros news agency

ئەمریکا ڤیزای زیاتر لە ١٧٥ هەزار بیانی هەڵوەشاندەوە

 

وه‌زاره‌تی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێکارە توندەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی کۆچبەران، ڤیزای چوونە ناوەوەی زیاتر لە ١٧٥ هەزار هاووڵاتیی بیانی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەڵمەتێکی گشتگیر کە بووەتە هۆی بێبەشکردنی دەیان هەزار کەس لە مافی گەشتکردن و کۆچکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو کەسانەی ڤیزاکانیان لێ وەرگیراوەتەوە یان هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەو بیانیانەن کە مەرجەکانی مانەوەیان پێشێل کردووە، یان تێوەگلاون لە ئەنجامدانی تاوان، هاندانی توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی، فێڵکردن و خراپ بەکارهێنانی سیستەمی کۆچبەری، یان ئەو کەسانەی کە مەترسی بوون بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زۆربەی حاڵەتەکانی هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا دوای ئەوە هاتووە کە ئەو کەسانە بەهۆی سەرپێچییەوە ڕووبەڕووی دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسا بوونەتەوە. دیارترین ئەو تاوانانەشی بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاکانیان بریتین لە: “ئەنجامدانی تاوانی هێرشکردن و لێدان، شۆفێری لەژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان، دزیکردن و تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان”.

وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارانە ئەنجامی وردبینییەکی بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەڵگرانی ڤیزا پابەندی مەرجەکانن و هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی گشتی دروست ناکەن.

ئیدارەی سەرۆک ترەمپ سیاسەتێکی توند لە هەمبەر کۆچبەران پەیڕەو دەکات، کە خۆی لە خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی ئازادکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان دوای پەڕینەوەیان لە سنوورەکان دەبینێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە ئیدارەکانی پێشوودا، ڕێگە بە کۆچبەران دەدرا دوای دەستبەسەرکردنێکی کورتخایەن، لە ناوخۆی ئەمریکا بمێننەوە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکانیان دەدات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ئابووری ئیسرائیل لەژێر باری گرانی جەنگدا، تێچووی ڕۆژانە گەیشتووەتە 90 ملیۆن دۆلار

سەڵاح

ئێران چۆنیەتی دەستکەوتنی دۆلار لە بەرامبەر فرۆشتنی گاز بە عێراق ئاشکرادەکات

سەڵاح

‌تره‌مپ جارێکی تر هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران ده‌كات

سەڵاح