بانکی ناوەندیی عێراق، بوژانەوەی یەدەگی دۆلاری عێراقی بۆ نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار لە ماوەی دوو مانگدا راگەیاند.
ڕاوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و وتەبێژی بانکەکە، مەحموود داغر، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە کۆی یەدەگی دۆلار لە هەژماری بانکی ناوەندی یان هەژماری حکومەت لە فیدراڵی، لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا باشتریان پێوە دیارە دوای ئەوەی پێشتر بۆ ٧٣ ملیار دۆلار دابەزیبوو، بەڵام ئێستا یەدەگەکە بۆ نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار گەڕاوەتەوە.
داغر ئاماژەی بەوەش کرد کە یەدەگی زێڕ بە بڕی (١٧٠) تۆن بە نەگۆڕی ماوەتەوە.
ڕوونی کردەوە کە ئەم باشتربوونەی یەدەگ بەهۆی داهاتی هەناردەی نەوتەوە بووە کە گەیشتووەتە نزیکەی ٦ ملیار دۆلار، کە ئەمەش ئاستێکی پەسەندکراوە لە سایەی قەیرانی ئێستادا.
ڕاوێژکاری پارێزگار جەختی کردەوە کە بەهۆی پشتبەستنی زۆری عێراق بە نەوت، توانای یەدەگەکان بەپێی تێپەڕاندنی ماوەی پێویست دەپێورێت؛ ئاماژەی بەوە دا کە کاتێک لە مانگەکانی نیسان، ئایار و حوزەیراندا هەناردە ڕاوەستا، یەدەگەکە لە توانای دابینکردنی یەک ساڵەوە بۆ ٩ مانگ کەم بووەوە، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە ئاستی پێشتری.
لە پەیامێکدا بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییان، داغر ڕایگەیاند کە دۆلاری نەقد لە بانکی ناوەندی بەردەستە، و هەر ئەوەش هۆکار بووە کە گەشتیاران بتوانن ساڵانە ٦ بەش وەربگرن لەجیاتی ٢ بەش کە پێش چوار مانگ دیاری کرابوو.
وەزارەتی دارایی پێویستە هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ تاوەکو ببێتە جێگرەوەیەک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەدەگەکان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی ئەلزەیدی، ڕاستەوخۆ چاودێریی گەیشتنی باری دۆلارەکان دەکات کە هەر بارێک نزیکەی نیو ملیار دۆلاری تێدایە؛ تا ئێستا دوو فڕۆکە گەیشتوون و باری دیکەش بەڕێوەن، بەڵام بەردەوامبوونیان بەندە بە بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی ئاڵۆزیی سەربازی.
سەبارەت بە هێشتنەوەی بەشێک لە یەدەگ لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، داغر ڕوونی کردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای زانستی و هونەرییە بۆ پاراستنی پارەکان لە کێشە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی سەر هەندێک بانکی حکومی کە هێشتا یەکلایی نەبووبوونەوە.
هاوکات عێراق خاوەنی یەدەگی دابەشکراوە لە چەندین ناوەندی دارایی جیهانی لە ئەوروپا، بازل، ئیمارات و چین، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی لە فیدراڵیی ئەمریکایە بەهۆی پاراستنی یاساییەوە.

