وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەنگاو و لێکتێگەیشتنە تاکلایەنەکانی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال دەربڕی و ڕایگەیاند؛ هەر هەنگاوێک بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ هەرێم بنرێت، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە بەغدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لێکتێگەیشتن لەسەر شنگال ئەنجام دەدات، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتننامەیەیە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.
ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەیە:
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی 2020دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
بە بیر هەمو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی 500 شەهید و 3000 برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێ ڕێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت.
سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە، و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدرال بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

