zagros news agency

سۆزان عه‌بدوڵا: داهاتی عێراق گەیشتە زیاتر لە 45 ترلیۆن دینار و 77٪ی پشتی بە نەوت بەستووە


دەستەی گشتیی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە کۆی داهاتەکان تاوەکو مانگی ئابی ڕابردوو گەیشتووەتە نزیکەی 45.355 ترلیۆن دینار، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە 77٪ی داهاتەکانی عێراق تاوەکو ئابی 2026 نەوتی بوون.

سۆزان عەبدوڵڵا محەمەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند: “بودجەی ساڵی 2027 هێشتا لە قۆناغی ئامادەکردنی پرۆژەکەدایە و بە شێوازی کۆتایی پەسەند نەکراوە، هەروەها هەموارکردن و گفتوگۆکان لەبارەیەوە بەردەوامن.”

جەختیشی لەوە کردەوە کە “بەشداریکردنی دەستە لە پێداچوونەوە بە بنەما و پێوەرەکانی دابەشکردنی سەرچاوە فیدراڵییەکان ڕێکارێکی ڕواڵەتی نییە، بەڵکو پێویستییەکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و شەفافییەت، و پتەوکردنی دروستیی بڕیارەکانی پەیوەست بە تەرخانکردنی سامانی گشتی، لە پێناو گونجان لەگەڵ ماددەی (106)ی دەستووری عێراق.”

عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا: “دەستەی گشتیی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا پشت بە بنەما دەستووری و یاساییەکان دەبەستێت، لە پێشەنگیاندا ماددەی (106)ی دەستووری عێراق و یاسای دەستە ژمارە (55)ی ساڵی 2017، بە جۆرێک کە شەفافییەت و دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوە فیدراڵییەکاندا مسۆگەر بکات.”

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “لە کارە چاودێرییەکانماندا تیشک دەخەینە سەر دڵنیابوونەوە لە وردیی داتاکانی دارایی، و بەدواداچوونی داهاتەکان لە قۆناغی شایستەبوون، کۆکردنەوە و خستنەسەر هەژماری خەزێنەی گشتی، تا دەگاتە تەرخانکردن و دابەشکردنی سەرچاوەکان، جگە لە دەستنیشانکردنی لادانە داراییەکان و بەهێزکردنی چاودێریی پێشوەختە.”

هەروەها زیادی کرد: “بۆ دەرخستنی گرنگیی ئەمەش، داتاکانی وەزارەتی دارایی تا 31ی ئابی 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتەکان گەیشتوونەتە نزیکەی 45.355 ترلیۆن دینار، کە 34.726 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتییە بە ڕێژەی 77٪، و 10.629 ترلیۆن دیناریش داهاتی نانەوتییە بە ڕێژەی 23٪. لە بەرامبەردا، کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 78.9 ترلیۆن دینار، کە نزیکەی 75.8 ترلیۆن دیناری خەرجیی بەگەڕخستن (تەشغیلی) بووە و 3.1 ترلیۆن دیناریشی خەرجیی وەبەرهێنان بووە، بەمەش کورتهێنان و بۆشایی نێوان داهات و خەرجییەکان نزیکەی 33.6 ترلیۆن دینار بووە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی پەروەردە: ئەمساڵ ملیۆنێک و 200 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەخوێنن

سەڵاح

ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

سەڵاح

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی حزبی (حرکة العدل والإحسان)ـی عێراق دەکات

یاسین