وەزیری تەندروستیی عێراق، عەبدولحسێن ئەلموسەوی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٤٠ کارگەی دەرمان لە عێراق هەیە و کار بۆ گەشەپێدانی ئاستی بەرهەمهێنانیان دەکرێت.
ئەلموسەوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی دەرمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەیوەندیدانی نێوان پیشەسازیی جیهانی و کارگە خۆجێییەکان، بە جۆرێک کە هەوڵ دەدرێت کوالێتیی بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکان لە ئاستی کۆمپانیا داهێنەرە جیهانییەکاندا بێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کۆمپانیا جیهانییەکان لە بەغدا دەستکەوتێکی گەورەیە، بەتایبەت کە پێشتر بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و گرژییەکانی ناوچەکەوە دواخرابوو، بەڵام ئێستا لە عێراق بەڕێوە دەچێت و تیایدا زیاتر لە ٨ هەزار پێکهاتەی دەرمانی لە پێشانگاکەدا نمایش کراون.
هەروەها لە پاڵ پێشانگاکەدا، چەندین سیمینار و وۆرکشوۆپ و دانیشتنی تاقیگەیی بەڕێوە دەچن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکەکان.
وەزیری تەندروستیی عێراق ڕوونی کردەوە کە بانگهێشتکردنی کۆمپانیا جیهانییەکان فشار نییە بۆ سەر کارگە ناوخۆییەکان، بەڵکو پاڵپشتێکە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان تاوەکو ببنە جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ هاوردەکردن و لە هەمان کاتدا پاراستنی سەلامەتیی نەخۆشان، چونکە وەزارەت ڕێگە نادات نەخۆشەکان ببنە مەیدانی تاقیکردنەوەی دەرمانی نەشارەزا.
دیاریشی کرد کە کارگە دەرمانسازییەکانی عێراق ژمارەیان لە سەروو ٤٠ کارگەوەیە و لە ڕووی جۆری و ژمارەی بەرهەمەکانیانەوە جیاوازییان هەیە، و حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی باشترین باشتر پێشکەش بکات.

