zagros news agency

دەستپێکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی هاوبەشی هەولێر و ناشڤیل لە بواری بەڕێوەبردنی ڕێگاوبان و هاتوچۆ

 

لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و ناشڤێڵی ویلایەتی تێنەسی ئەمریکا و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری ژێرخان و گواستنەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (1ی تشرینی دووەمی 2026)، بەرنامەیەکی ڕاهێنانی تایبەتی هایبرید (ئۆنلاین و ئامادەیی) لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.
مێوانداری بەرنامەکە لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک (TIU) بە هاوکاری لەگەڵ ئەنیستیتۆی کۆنکریتی ئەمریکی بوو، بە چاودێری بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆکە. لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنەکەشدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، د. ئیدریس هادی، سەرۆکی زانکۆی تیشک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و رێکخراوەکان ئامادە بوون.
ئامانجی سەرەکی ئەم بەرنامەیە بریتییە لە گواستنەوەی زانیاری و ئەزموونی نێودەوڵەتی لە بواری بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی گواستنەوە، پەرەپێدانی ژێرخانی شار و بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی هاتوچۆ لە هەولێر.
لە میانی سیمینار و تێزەکانی ڕاهێنانەکەدا، تیشک دەخرێتە سەر:
شێوازە نوێیەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و کەمکردنەوەی تێچوو.
پاراستنی سەلامەتی کرێکاران و شۆفێران لە شوێنەکانی کارکردن.
بەکارهێنانی سیستەمی مۆدێرن بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕووداوەکان.
ئەم وۆرکشۆپە دەرفەتێکی زانستی و کرداری دەبێت بۆ ئەندازیاران، کارمەندانی کەرتی حکومی و تایبەت، کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری و بەڵێندەرایەتی، هەروەها مامۆستایان و قوتابیانی ئەندازیاری تاوەکو ئاشنای دوایین ستانداردە جیهانییەکان ببن.

هەواڵی پەیوەندیدار

هێرشێکی خۆکوژی لە باکووری پاکستان دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

یاسین

راگەیندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە

یاسین

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی پاشای نەرویج بڵاوکردەوە

سەڵاح