دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر گرنگیی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی کردەوە کە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت و بە “گرنگترین هەڵبژاردن لە ژیانماندا” وەسفی کرد. هاوکات داوای لە لایەنگرانی کرد بە لێشاو روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی پارتی کۆماری بدەن لەسەرجەم ئەو کورسییانەی کێبڕکێیان لەسەر دەکرێت.
ترەمپ لە وتاری کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا کە لە بەردەم مۆنۆمێنتی ئەبراهام لینکۆڵن لە واشنتنی پایتەخت پێشکەشی کرد و لەسەر ئاستی سەرتاسەری وڵات پەخشکرا، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ دوا رۆژە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول، بە بڕوای من ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە کە لە ژیانماندا بیبینین.”
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە بە شێوەیەکی نەریتی لە مێژووی سیاسیدا، سەرۆکی دەسەڵاتدار – چ کۆماری بێت یان دیموکرات – بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە ناتوانێت لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان “بەهێزێکی زۆرەوە چوونەتە ئەم شەڕەوە.” هەروەها وتیشی: “ئەگەر ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دەنگیان بە من دا بێنە سەر سندووقەکان – تەنانەت ئەگەر بەشێکی باشیشیان بێت – ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە و بێوێنە بەدەستدەهێنین.”
لە هەڵبژاردنەکانی سبەینێدا کێبڕکێ لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجومەنی پیران دەکرێت، هاوکات دەنگدەران لە 36 ویلایەتدا پارێزگارەکانیان هەڵدەبژێرن. چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 210 ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو لە ڕێگەی دەنگەکانیانەوە قەبارەی دەسەڵات و هەژموونی ترەمپ بۆ ماوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دیاری بکەن.
سەبارەت بە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) ستراتیژی خۆی ئاشکرا کردبوو و ڕایگەیاند کە دەبێتە “بەڕێز ڤیتۆ”، بەو مانایەی کە مافی ڤیتۆ (ڕەتکردنەوە) دژی هەر یاسایەک بەکاردەهێنێت کە زۆرینەی دیموکراتەکان تێیپەڕێنن پێش ئەوەی دانوستان لەسەر هیچ سازشێک بکات.

