سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا بەبۆنەی دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە.
ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانییە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم.
دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کارا کردەوە.
کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت.
ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن.
مسعود بارزانی
4ی تشرینی دووەمی 2026

