چوارشەممەی رابردوو، یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 1ی تشرینی دووەمی 2026، 569 حاڵەتی توندوتیژی و سکاڵا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. هەروەها لەو ماوەیەدا 57 حاڵەتی خۆکوشتن و 25 تاوانی کوشتن بەهۆی کێشە خێزانییەکانەوە روویانداوە.
بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە ئاژانسی شەفەق نیوز-ی راگەیاند: “ئامارە تۆمارکراوەکانی نێوان 1ی کانوونی دووەم تا 1ی تشرینی دووەمی 2026 دەریدەخەن کە 569 سکاڵا و حاڵەتی توندوتیژی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەگەڵ 57 حاڵەتی خۆکوشتن و 25 تاوانی کوشتن کە سەرچاوەکەیان کێشە خێزانییەکان بووە”.
عەلی گوتیشی: “ئەم ئامارانە نیشاندەرێکی مەترسیدارن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی توندوتیژی و کێشە خێزانییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو”. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی خێزان و کۆمەڵگە هەبووە.
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان روونیکردەوە، قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، لەپاڵ ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی ناوچەکە، بەشداربوون لە زیادبوونی پاڵەپەستۆ دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تاکەکان. ئەم دۆخەش رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر پەیوەندییە خێزانییەکان هەبووە و بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لەناو خێزانەکاندا.
عەلی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پاڵەپەستۆ دەروونی و بژێوییەی رووبەڕووی تاکەکان دەبێتەوە، کاریگەری لەسەر شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەندامانی خێزان و منداڵەکانیان دروست دەکات. هاوکات ئەگەری سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هاوسەران زیاد دەکات، بەتایبەت لە سایەی کەمبوونەوەی توانای هەندێک خێزان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی رۆژانە.
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، کۆمەڵگەی کوردی، هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت کە کاریگەرییان لەسەر سروشتی پەیوەندییە خێزانییەکان دروستکردووە، لە کاتێکدا پێشتر خێزان کۆڵەکەی سەرەکیی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بوو.
لە کۆتاییدا هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامیی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لەپاڵ پاڵەپەستۆ دەروونییەکان و لاوازبوونی پەیوەندییە خێزانییەکان، لەوانەیە ببێتە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی دیاردەی توندوتیژیی خێزانی لە قۆناخەکانی داهاتوودا. عەلی جەختیکردەوە سەر گرنگیی چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی لە پشت بەرزبوونەوەی ئەم حاڵەتانەوەن، لەپێناو بەهێزکردنی رۆڵی خێزان بۆ پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە.

