وەزارەتی نەوتی عێراق، پابەندبوونی تەواوی وڵاتی بە ئاستی بەرهەمهێنانی دیاریکراو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی «ئۆپێک پڵەس»دا دووپات کردەوە کە ٤ ملیۆن و ٤٣١ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، هاوکات ئاشکرای کرد کە هەوڵەکانی بەردەوامن بۆ بەرزکردنەوەی ئەم ئاستە لە ساڵی داهاتوودا.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە سەرباری بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز، عێراق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی خاو تاوەکو داهاتی پێویست بۆ بودجەی فیدراڵی دەستەبەر بکات.
وەزارەت ئاماژەی بەوە دا کە عێراق توانێویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا بەرز بکاتەوە و خاوەنی توانایەکی بەرهەمهێنانی سەقامگیری بەرزترە لەوەی ئێستا بۆی دیاری کراوە، هاوکات پلانی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانیش بەردەوامە.
پرۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری جیهانییەوە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپێکەوە جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو داڕشتنەوەی ئاستەکه بەگوێرەی توانای ڕاستەقینەی ئابووریی وڵات ئەنجام بدەن.
وەزارەت جەختی کردەوە کە هەر بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی بەرهەمهێناندا بەستراوەتەوە بە لێکتێگەیشتنی وڵاتانی ئەندام لە «ئۆپێک پڵەس» و هاوسەنگیی خستنەڕوو و داواکاری لە بازاڕەکاندا.

