zagros news agency

کۆنگۆ.. 66 سەرباز بە تۆمەتی هەڵاتن لە بەرەکانی جەنگ سزای لەسێدارەدانیان بۆ ده‌رچوو

دادگایەکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، سزای لەسێدارەدانی بەسەر 66 سەربازی سوپای وڵاتەکەدا سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی هەڵاتن لە بەرەکانی شەڕ لە بەرامبەر یاخیبووان تاوانبار کران.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ناوچەی 34ی سەربازی کە میدیا ناوخۆییەکانی کۆنگۆ بڵاویانکردووەتەوە، دادگای سەربازیی پادگانی “گۆما” ئەو بڕیارەی دەرکردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو سەربازانە لە 20ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دەستگیرکراون و تۆمەتبارن بە جێهێشتنی سەنگەرەکانیان و هەڵاتن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی “بەرەی بنیاتنانەوەی نیشتمان”.

ئەو 66 سەربازەی سزاکەیان بەسەردا سەپێنراوە، سەر بە فەوجی 3415ی هێزە چەکدارەکانی کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆن.

پێشڕەویی یاخیبووان لە بەرەکانی شەڕ

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کرد کە یاخیبووان هێرشێکی نوێیان لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ دەستپێکردووە و لە پارێزگای “باشووری کیڤۆ” نزیکەی 50 کیلۆمەتر بە ئاراستەی شارۆچکەی ستراتیژیی “والیکالی” پێشڕەوییان کردووە.

مەیجەر دیۆدۆنی کاسیریکا، وتەبێژی سوپا لە ناوچەکە ڕایگەیاند کە شارۆچکەی “کامبالی” کەوتووەتە ژێر دەستی چەکدارانی یاخیبوو. سەرچاوە خۆجێییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکە ماڵەکانیان جێهێشتووە و بەرەو ئەو ناوچانە هەڵاتوون کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدان.

شارۆچکەی والیکالی، بەهۆی ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکییە بۆ بەرەو ڕۆژئاوای وڵات و بنکەیەکی سەرەکیی سوپای کۆنگۆیە لە پارێزگای باکووری کیڤۆ، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورەی هەیە.

پاشخانی ململانێکان

بزووتنەوەی چەکداری ناسراو بە “M23” کە مانگی ڕابردوو ناوی خۆی گۆڕی بۆ “بەرەی بنیاتنانەوەی نیشتمان”، لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی 2021ـەوە، دەستی بەسەر ڕووبەرێکی فراوان لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە کانزا لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرتووە. یاخیبووان ئامانجیان ڕووخاندنی حکومەتی کۆنگۆیە و جۆزێف کابیلا، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان وەک سەرکردەی خۆیان دیاری کردووە.

ئەم گرژییە نوێیانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن پێشتر سزای بەسەر وەزارەتی بەرگریی ڕواندا و دامەزراوەیەکی دارایی ئەو وڵاتەدا سەپاندبوو، بەهۆی گومانی پشتیوانیکردنیان لە یاخیبووانی کۆنگۆ. لە لایەکی دیکەشەوە، سوپای کۆنگۆ لەمێژە بەدەست کێشەی نەبوونی دیسپلین، نزمیی مووچە و کەمیی کەرەستەی سەربازی پێویستەوە دەناڵێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

تورکیا لە مانگی تەممووزدا ١٨ هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان

یاسین

جۆو بایدن: دەبێت ناتانیاهۆ ڕێگە بە گه‌یاندنی هاوکاری زیاتر بۆ غەززە بدات

سەڵاح

لە ڕووداوێکی نادیاردا؛ تەقینەوەی مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسمان مەترسی دروست دەکات

سەڵاح