zagros news agency

ئۆمێگا-3 پەستانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت

 

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، بەکارهێنانی رۆژانەی تەواوکەری خۆراکیی ئۆمێگا-3 ئەگەری هەیە لە ماوەی سێ مانگدا ببێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی هەوکردن لە جەستەدا.

 

توێژەران روونیانکردەوە، ئەو ئەنجامانە پێویستیان بە توێژینەوەی زیاترە لەو بوارەدا. لەو توێژینەوەیەدا ژن و پیاوانی تەمەن 21 بۆ 70 ساڵ بەشدارییان کردووە کە کێشەی بەرزیی پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆڵی نائاساییان هەبووە و رۆژانە دوو حەبی 1000 ملغ لە جۆرێکی دەرمانسازیی پاکیان بەکارهێناوە.

 

دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ، پەستانی خوێنی سیستۆڵی لە رۆژدا بە بڕی 6.5 مللیمیتر جیوە و لە شەودا بە بڕی 5.5 مللیمیتر جیوە دابەزیوە. بۆ بەراوردکردن، دەرمانی ستاتین لە هەمان ماوەدا پەستانی سیستۆڵی بە نزیکەی 6 مللیمیتر جیوە دادەبەزێنێت. بەپێی توێژەرانی سەنتەری پزیشکیی سانتا ماریا دی لا سال لە بوێنس ئایرس، ئەو تەواوکەرە خۆراکییانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆلیستڕۆڵ نەبووە.

 

ئۆمێگا-3 جۆرێکە لە چەورییە ناتێرە تەندروستەکان کە جەستە ناتوانێت بەرهەمی بهێنێت و سێ جۆری سەرەکیی هەیە: EPA و DHA و ALA. جۆرەکانی EPA و DHA بەشێوەی سەرەکی لە ماسی و کەشکەدا دەستدەکەون، بەڵام ALA لە سەرچاوەی رووەکی وەک کەتان و تۆوی شیا و گوێزدا هەیە. پێشتر سەلمێنراوە EPA و DHA پارێزگاری لە پەستانی خوێن و کارکردنی دڵ و ئاستی تەندروستیی چەوریی خوێن دەکەن. توێژینەوەکان دەریدەخەن رەنگە لە رێگەی خاوبوونەوە و فراوانکردنی بۆرییەکانی خوێن و کەمکردنەوەی هەوکردنی گشتیی جەستە، پەستانی خوێن دابەزێنن.

 

دەزگا تەندروستییەکان بۆ پێگەیشتووان پێشنیار دەکەن رۆژانە نزیکەی 450 ملغ لە EPA و DHA بەیەکەوە وەربگیرێت، کە دەکرێت لە رێگەی خواردنی بەردەوامی ماسییە چەورەکانەوە دابین بکرێت.

 

ئێما باردوێل، پسپۆڕی خۆراک گوتی: “ئەگەر بەردەوام ماسییە چەورەکان دەخۆیت و سیستەمێکی خۆراکیی هەمەجۆرت هەیە، رەنگە پێویستت بە تەواوکەری رۆژانە نەبێت، بەڵام ئەگەر هەرگیز یان بە دەگمەن ماسی دەخۆیت، یان رووەکخۆریت، ئەوا تەواوکەری ئۆمێگا-3ی خاوەن EPA و DHA گرنگە. ئەوە بەتایبەت لە کاتی دووگیانی و شیرداندا بایەخی هەیە، چونکە DHA رۆڵێکی سەرەکی لە گەشەکردنی مێشک و چاوی کۆرپەدا دەبینێت”.

 

باردوێل روونیکردەوە، ئۆمێگا-3 رەنگە لە قۆناخی تەمەنی نائومێدیدا گرنگ بێت، چونکە یارمەتیی دابەزاندنی چەوریی سیانی دەدات. گوتیشی: “لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئیسترۆجین، مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن لای ژنان بەرز دەبێتەوە. EPA و DHA دەتوانن چەوریی سیانی دابەزێنن، هەرچەندە ژەمی چارەسەرکاری زۆر لەوە بەرزترە کە لە تەواوکەرە ئاساییەکاندا هەیە. هەروەها بایەخێکی زۆر بە ئۆمێگا-3 دەدرێت بۆ باشترکردنی باری دەروونی و زیرەکی و تەندروستیی جومگەکان، بەڵام توێژینەوەکان یەکلاکەرەوە نین و بەڵگەی قەناعەتپێکەرمان لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت ئەو جۆرە چارەسەرە گەرم داهاتن کەم دەکاتەوە یان رێگری لە نەخۆشیی بیرچوونەوە دەکات”.

 

وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە ئۆمێگا-3 بە واتای سوودی زیاتر نایەت. ئەزموونە پێشووەکان دەریانخستووە هەندێک تەواوکەری بڕە بەرز، رەنگە مەترسیی ناڕێکیی لێدانی دڵی ئۆتینی زیاد بکات. ئۆمێگا-3 رەنگە لەگەڵ دەرمانەکان کارلێک بکات، بۆیە بەکارهێنانی ژەمی زۆر هەمیشە بێ مەترسی نییە.

 

تەواوکەرەکان رەنگە پشتگیرییەکی کەم بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن پێشکەش بکەن، بەڵام جێگرەوەی چارەسەری دەرمانی یان راوێژی پزیشک نین. بڕی گونجاو بەپێی سیستەمی خۆراکی و باری تەندروستی دەگۆڕێت و پێویست بە توێژینەوەی زیاتر دەکات بۆ دڵنیابوون لە سوود و مەترسییە درێژخایەنەکانی.

هەواڵی پەیوەندیدار

بیبەری سەوز لەم نەخۆشیە دەتپارێزێ

lana

گرنگترین سودەکانی سرکەی سێو بۆ قژ

lana

توێژینەوەکان سوودێکی نوێی بەڕۆژووبوون ئاشکرا دەکەن

lana