zagros news agency

عێراق تێلیگرام دادەخات

 

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیاریدا ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام لە سەرانسەری وڵاتدا بلۆک بکات و ماوەی 30 رۆژی بۆ کۆمپانیای بەکارخەری ئەپڵیکەیشنەکە دیاریکرد، تا دۆخی یاسایی خۆی لەگەڵ دەستەکەدا رێکبخاتەوە.

 

نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەکە لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، بڕیارەکە لەسەر بنەمای راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە پشتبەستن بە دەسەڵاتەکانی یاسای ژمارە 65ـی ساڵی 2004ـی هەموارکراو بە فەرمانی ژمارە 100 دراوە. دەستەکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ پابەندنەبوونی کۆمپانیای تێلیگرام بە مەرجە یاسایی و رێکخراوەییە کارپێکراوەکان گەڕاندەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیای بەکارخەری تێلیگرام رێوشوێنی پێویستی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوەڕۆکانە نەگرتووەتەبەر کە سەرپێچی یاساکانی عێراق دەکەن و لەسەر پلاتفۆرمەکە بڵاودەکرێنەوە. بەهۆی ئەم کەمتەرخەمییەوە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن ناچار بووە ئەو رێکارە رێکخراوەییە بەرامبەریان بگرێتەبەر.

 

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەرکە یاساییەکانی دەستەکەدایە بە ئامانجی سنووردارکردنی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی سۆشەڵ میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری توندڕەوی، هاندان بۆ ئاژاوە، توندوتیژی، رقوکینە و هەروەها رێگریکردن لە تاوانی ئەلیکترۆنی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.

 

دەستەکە جەختیکردەوە، ئامانج لە بڕیاری بلۆککردنەکە ناچارکردنی کۆمپانیاکەیە بۆ پێداچوونەوە بەو ناوەڕۆکانەی لە عێراق بڵاودەبنەوە و هەماهەنگیکردنی زیاتر لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بەپێی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان.

 

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە یاساکانی عێراق بنەمای سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکانیان لە وڵاتدا. هاوکات پاراستنی کۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەی کارەکانی دەستەکە دەبێت لە رێکخستنی کاری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

باوەجانی بۆ زاگرۆس: ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ روویدا له‌ دیداری مێپیس جوانترین تابلۆ بوو

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە راوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا دەکات

یاسین

سەرۆک وەزیران سوپاسی پارێزگار و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سلێمانی دەکات

یاسین