کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا بەبێ هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە کۆتاییهات، دوای ئەوەی مشتومڕێکی توند و گرژی لە نێوان هادی عامری و عەلی زەیدی لەسەر دۆسیەی جەرف سەخر دروست بوو.
پوختەی پێشهاتەکان بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان:
- ناکۆکی لەسەر ڕێککەوتن: بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (سکای نیوز)، هادی عامری داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێککەوتنی لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵا کردووە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی سازشێکدا، بەڵام عەلی زەیدی ئەو پێشنیازەی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە.
- هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی: میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای بێئەنجامبوونی کۆبوونەوەکە، زەیدی بڕیاریداوە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕۆژی هەینی بە بەکارهێنانی هێز کۆتایی بە دۆسیەی تاڵانی و بەقاچاخبردنی نەوت لە جەرف سەخر بهێنێت.
- پشتگیریی سەرکردەکان: هاوکات کەناڵی (ئەلحەدەس)ـی عێراقی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردووەتەوە، کە زۆرینەی سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی عەلی زەیدی لەو ناوچەیەدا دەربڕیوە

