لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی پێنسلڤانیای ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە دەرهاویشتەی بنێشتێکی تاقیکاریی دەوڵەمەند بە پێکهاتە ڕووەکییەکان، توانیویەتی ئاستی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) بە ڕێژەی زیاتر لە 90% کەمبکاتەوە لەو نموونانەدا کە لە تووشبووانی شێرپەنجەی خانە پوولەکییەکانی سەر و مل وەرگیراون.
ڤایرۆسی (HPV) بە یەکێک لە بڵاوترین ئەو هەوکردنانە دادەنرێت کە لە ڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێنەوە لە جیهاندا؛ بەگوێرەی خەمڵاندنەکان نزیکەی 85%ـی مرۆڤەکان لە قۆناغێکی ژیانیاندا تووشی دەبن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا جەستە بە شێوەیەکی خۆکار لە ڤایرۆسەکە ڕزگاری دەبێت، بەڵام ڕەنگە لای هەندێک کەس بمێنێتەوە و ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە خانەکاندا کە سەرەنجام پەرەدەستێنن بۆ شێرپەنجە، دیارترینیان شێرپەنجەی ملی منداڵدان، سەر و مل و کۆم.
تیمە توێژینەوەکە پێکهاتەی ئەو بنێشتە تاقیکارییانەیان تاقیکردووەتەوە کە ماددەی ڕووەکیان تێدایە و کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ڤایرۆسەکە و هەندێک جۆری بەکتریای پەیوەست بە شێرپەنجە. بۆ ئەم مەبەستەش، توێژەران نموونەی لیک و شلەی شۆردنی ناو دەمیان لەو نەخۆشانە کۆکردووەتەوە کە تووشی شێرپەنجەی خانە پوولەکییەکانی سەر و مل بوون، پاشان کاریگەریی پێکهاتەی بنێشتەکەیان لەسەر ئەو نموونانە تاقیکردووەتەوە.
بەپێی وردەکاریی لێکۆڵینەوەکە، نەخۆشەکان لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا بنێشتەکەیان نەجووە، بەڵکو تاقیکردنەوەکان تەنها لەسەر نموونە وەرگیراوەکان ئەنجامدراون. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەنجامەکان تەنها ئاماژەیەکی سەرەتایین بۆ کاریگەریی پێکهاتە تاقیکراوەکان و هێشتا ئەوە ناسەلمێنن کە جوینی بنێشت بتوانێت چارەسەری هەوکردنی (HPV) بکات یان ڕێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجە بکات.

