zagros news agency

کەتائیبی حزبوڵڵا لە جورف ئەلسەخرەوە: شەڕی هێزه ئەمنییەکان ناکەین

سەرکردە لە کەتائیبی حزبوڵڵا ئەبو تالیب ئەلسەعیدی جەختی کردەوە کە کەتائیب بەنیاز نییە شەڕ لەگەڵ هێزه ئەمنییەکان بکات و ئەگەری هەڵگیرسانی پێکدادانی لەگەڵیاندا بە «خەونێکی دوور» وەسف کرد.

ئەبو تالیب ئەلسەعیدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە کەتائیب بە هیچ پۆستێک بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیدا نەکردووە و ئاماژەی بەوە دا کە لێدوانەکانی حکومەت سەبارەت بە سەردانی لیژنەکە و باسکردن لە شوێنەکانی پاڵاوتنی نەوت «ئاژاوەگێڕی و هاندانە».

ڕوونی کردەوە کە لیژنەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی ڕاستییەکانی شێواندووە و ئەوەی لەبارەی پاڵاوگەکانی نەوتەوە بڵاوی کردووەتەوە تەنها «پاڵاوگەی سەرەتایی» و چۆڵکراون کە لە کاتی قەیرانەکاندا بەکار دەهێنرێن.

ئەلسەعیدی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو پاڵاوگانەی حکومەت باسی کردوون نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سێ بۆرییە نەوتییەکەوە دوورن و دووپاتی کردەوە کە سەرجەم ناوچەکانی جورف ئەلسەخر لە بەردەم لیژنەکەدا کراوە بوون و هیچ ڕێگرییەک لە جووڵەیان نەکراوە.

گوتیشی کاری ئەو پاڵاوگانە بریتییە لە دەرهێنانی ماددەی «گازوایل» لەو نەوتە خاوەی کە لە کاتی قەیرانەکاندا پێیان دەگات؛ ئاماژەی بەوەش دا کە کەتائیب نەوتی خاو دەکڕێت و دەیگۆڕێت بۆ ماددەی گازوایل بۆ بەکارهێنانی لە کارپێکردنی موەلیدە کارەباییەکان و ئامێرە قورسەکاندا و لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ڕێنمایی دەرچووە بە خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی «ج» بۆ ئەو یەکە سەربازییانەی لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیدان کە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیی سەربازییە و پێویست دەکات ئامادەیی هێزەکان بۆ ئەوپەڕی بەرز بکرێتەوە و مۆڵەتەکان هەڵبوەشێنرێنەوە.

هەروەها حکومەتی عێراق ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بڕیاری چوونەناوەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی بۆ ناوچەی جورف ئەلسەخر لە ماوەی داهاتوودا ڕاگەیاند، بە مەبەستی سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئافرەتانی دەستبەسەرکراو لە هەرات ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بوونەتەوە

یاسین

‎ئافرەتێك بەهۆی بێرێزیكردن بە پۆلیسی دهۆك دەستگیركرا

گوران

خۆپیشاندان له‌ پارێزگایه‌كی عێراق به‌ڕیوه‌ ده‌چێت

سەڵاح