بە شێوەیەکی فەرمی هەڵبژاردنی ئەکتەری بەریتانی، رۆبێرت پاتینسۆن بۆ بەرجەستەکردنی کەسایەتی سیخوڕی نهێنی جەیمس بۆند راگەیەندرا، ئەمەش وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەکتەر دانیال کرەیگ دێت کە پێشتر ئەو رۆڵەی دەگێڕا و بەم هەنگاوەش پاتینسۆن دەبێتە حەوتەم ئەکتەر لە مێژووی سینەمادا کە کەسایەتی 007 لەسەر شاشەی گەورە پێشکەش دەکات.
راگەیاندنەکە لە رێگەی هەژمارە فەرمییەکانی زنجیرە فیلمی “James Bond” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، تێیدا سەرجەم بڵاوکراوەکانی پێشوو سڕانەوە و تەنیا پەیامێکی کورت دانرا کە دەستەواژەی “Identity confirmed“ی لەخۆگرتبوو، هەروەها ستۆدیۆکە یەکەم وێنەی پاتینسۆنی لە شێوەی جەیمس بۆند بڵاوکردەوە کە تێیدا بە قاتە رەشە فەرمییەکەیەوە دەرکەوتووە.
هەڵبژاردنی پاتینسۆن دوای ماوەیەکی درێژ لە گەڕان و پێشبینی لەبارەی ناوە بەربژێرەکانەوە هات، لەوانە کالوم تێرنەر و جۆش ئۆکۆنۆر، پێش ئەوەی بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەستێرەی فیلمی “The Batman” یەکلایی ببێتەوە، کە پێشتریش لە رێگەی زنجیرە فیلمەکانی “Harry Potter” و “Twilight” ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنابوو.
دانیال کرەیگ لە پێنج فیلمدا رۆڵی جەیمس بۆندی گێڕابوو کە بە فیلمی “Casino Royale” لە ساڵی 2006 دەستیپێکرد و بە فیلمی “No Time to Die” لە ساڵی 2021 کۆتایی هات، فیلمە نوێیەکەش ژمارە 26 دەبێت لە مێژووی زنجیرەکەدا و لەلایەن دەرهێنەر دێنیس ڤیلنۆڤ کاری دەرهێنانی بۆ دەکرێت و ستیڤن نایت سیناریۆکەی دەنووسێت.

