فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی ڕووسیا لە ناوچەی کێمێرۆڤۆی سیبیریا کەوتەخوارەوە و سەرجەم ١٩ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا، هۆکاری سەرەتایی ڕووداوەکەش کێشەی تەکنیکی ڕاگەیەندرا.
میدیاکانی ڕووسیا بە گێڕانەوە لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازییان ڕاگەیاند. بەپێی ڕاپۆرتەکان، فڕۆکەکە ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی تشرینی دووەم، لە ناوچەی کێمێرۆڤۆ لە سیبیریا کەوتەخوارەوە و سەرجەم ١٩ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەست دا.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: “فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی ئەنتۆنۆڤ ١٢ لە کاتی ئەنجامدانی گەشتێکی پلان بۆ داڕێژراو لە ناوچەی کێمێرۆڤۆ کەوتەخوارەوە. فڕۆکەکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێ نەبوو کەوتووەتەخوارەوە. ١٩ کەس، لەنێویاندا تیمی فڕۆکەکە، سەرنشینی ئەم فڕۆکەیە بوون کە هەموویان گیانیان لەدەست دا.”
ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم فڕۆکەیە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتەخوارەوە. میدیا ناوخۆییەکان گومانەکانیان لەبارەی دزەکردنی سووتەمەنی بڵاو کردەوە و ژمارەیەک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە فڕۆکەکە بەر لە کەوتنەخوارەوەی ئاگری گرتووە.
ئیلیا سێردیۆک، پارێزگاری ناوچەی کێمێرۆڤۆ، پێشتر لە پەیامێکدا لە تۆڕی تێلێگرام هەواڵی ڕوودانی “کارەساتێکی ئاسمانی” لە نزیک گوندی یاگۆنۆڤۆ ڕاگەیاندبوو و نووسیبووی، “پێدەچێت فڕۆکەیەک کە بەم ناوچەیەدا تێپەڕی بێت، کەوتبێتەخوارەوە.”
پارێزگاری کێمێرۆڤۆ هەروەها ڤیدیۆیەکی لە شوێنی ڕووداوەکە بڵاو کردەوە کە تێیدا چەندین ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ئەمبوڵانس بە گڵۆپی ئاگادارکەرەوەی داگیرساوەوە لە تاریکیی شەودا دەبینران.
هەواڵی پێشوو

