دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، پێش کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی نێوانیان لە پەراوێزی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەپێک) لە شاری شینژینی باشووری چین، بە گەرمی تەوقەیان کرد.
پێش کۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو و نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، ترەمپ ڕایگەیاند کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەم دیدارەیە و ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین دەکرێت زۆر شتی نایابی لێبکەوێتەوە. ترەمپ بە پوتینی وت: “چەندین ساڵە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە و ماوەیەکی زۆرە یەکتر دەناسین، پێموایە زۆر شتی نایاب دەتوانن لەم دیدارەوە سەرچاوە بگرن، یان لانیکەم لە ڕێگەیەوە دەست پێبکەن.”
سەرەڕای ئەو گەشبینیانە، هیچ کام لە دوو سەرۆکەکە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە هیچ لێدوانێکیان بۆ میدیاکان نەدا. لە کۆبوونەوەکەدا لە لایەنی ئەمەریکاوە هەریەک لە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە و سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە ئامادە بوون. لە بەرامبەریشدا شاندی ڕووسیا پێکهاتبوون لە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە، یوری ئۆشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، ئەنتۆن سیلوانۆڤ وەزیری دارایی و کیریل دیمیتریێڤ.
“زۆر باش بەڕێوەچوو”
لە لای خۆیەوە، یوری ئۆشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە. هاوکات کۆشکی کرێملین ڕوونیکردەوە کە دۆسیەی ئۆکرانیا تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی نێوان پوتین و ترەمپ بووە.
پێشتریش هەر ئەمڕۆ، هەریەک لە شی جین پینگ سەرۆکی چین و هاوتا ئەمەریکی و ڕووسییەکەی لە وێنەیەکی یادگاریی سەرکردەکانی کۆڕبەندی (ئەپێک)دا دەرکەوتن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک پێش بەستنی لووتکە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرکردەی هەرسێ وڵات. لە وێنە یادگارییەکەدا کە لە شاری شینژین گیرا، شی و ترەمپ و پوتین لە ناوەڕاستدا وەستابوون و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەش تێیدا بەشدار بوون، لەوانە مارک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا و سانای تاکایچی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن.
“دابەشکردنەوەیەکی نوێی هەژموون”
جێگەی ئاماژەیە، ئەم لووتکە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوە مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە هەرسێ سەرکردەکە هەوڵی دابەشکردنەوەیەکی نوێی هەژموون لە جیهاندا بدەن، ئەوەش لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیارگەلێکەوە کە ڕەنگە پەیوەندییان بە چارەنووسی ئۆکرانیاوە هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕاوێژێک بە کیێڤ یان ئەورووپا بکرێت.

