دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕەتکردنەوەی سنووردارکردنی کارەکانی زیرەکی دەستکرد دووپات کردەوە. ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە میانی وتارێکدا بۆ سەرکردە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەی کۆڕبەندی هاریکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن (ئەپیک) لە شاری شێنجێن لە باشووری چین، ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک دژی ڕێکخستنی توند و سنووردارکردنی زیرەکی دەستکردە.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئەمە زیرەکییەکی باڵایە، بەڵام دەبێت چاودێری بکەین… ئێمە دژی هەموو جۆرە ڕێکخستنێکی توندین یان هەر شتێک کە ئامانجی کۆنترۆڵکردن و ڕاگرتنی زیرەکی باڵا بێت، و ڕێگە بە ڕوودانی ئەوە نادەین.”
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە زیرەکی باڵا (Super Intelligence) توانایەکی یەکجار گەورەی هەیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەکەی هەموو ئەو کۆتوبەندە یاساییانە ڕەتدەکاتەوە کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایە. ئەم لێدوانانەش پێش کۆبوونەوەکەی دێن لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، کە چاوەڕوان دەکرێت ئەم پرسە تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان بێت.
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکانی ڕووسیا و چین لە چوارچێوەی لووتکەیەکی سێقۆڵیدا و گوتی: “چاوەڕوانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژووییم لەگەڵ سەرۆک شی جینپینگ و سەرۆک ڤلادیمیر پوتین لە درەنگانی ئەمڕۆدا، بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ هەرسێ وڵاتەکەمان.”

