خواردنەوەی کوپێک قاوە ڕاستەوخۆ دوای لەخەوهەستان بووەتە خوویەکی ڕۆژانەی زۆر کەس، بەڵام توێژینەوەکان هۆشداری دەدەن کە خواردنەوەی قاوە پێش ئاو، ڕەنگە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
ماڵپەڕی پزیشکیی “هێڵس” لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر سێ کاریگەریی ئەگەریی خواردنەوەی قاوە پێش ئاو لە بەیانیاندا لەسەر پەستانی خوێن:
یەکەم: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەهۆی وشکبوونەوەوە. هەرچەندە بەڵگەی زانستیی ڕاستەوخۆ لەسەر خواردنەوەی قاوە پێش ئاو نییە، بەڵام کافاین ماددەیەکی میزپێکەری سووکە و ڕۆیشتنی خوێن بۆ گورچیلەکان زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات جەستە شلەمەنی زیاتر لەدەست بدات. تێکەڵبوونی ئەم کاریگەرییە لەگەڵ نەخواردنەوەی ئاو ئەگەری وشکبوونەوە زیاد دەکات؛ بەوەش قەبارەی شلە لە لوولەکانی خوێندا کەمدەبێتەوە و خوێن خەستتر دەبێت، لە ئەنجامدا دڵ بەرگریی زیاتری دێتە پێش و پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە.
دووەم: تێکچوونی کۆئەندامی هەرس. قاوە سروشتێکی ترشی هەیە و پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان 4.85 بۆ 5.13ـدایە. کافاین و پێکهاتەکانی دیکەی قاوە، ماسولکەی نێوان گەدە و سوورێنچک شل دەکەنەوە و ترشەڵۆکی گەدە زیاد دەکەن بێ ئەوەی بەتاڵبوونەوەی گەدە خێرا بکەن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی دڵەکزێ، گەڕانەوەی ترشەڵۆک و بەدهەرسی، بەتایبەتی کاتێک بە گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە بەهۆی خێرا هەڵمژینییەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم تێکچوونانەی هەرس پەیوەندییان بە زیادبوونی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونییەوە هەیە، کە دواجار دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. لە بەرامبەردا، خواردنەوەی پەرداخێک ئاوی شلەتێن دوای هەستان لە خەو، گەدە هێور دەکاتەوە و جووڵەی ڕیخۆڵەکان باشتر دەکات و کێشەکانی قەبزی و باکردنی سک کەمدەکاتەوە.
سێیەم: بەرزبوونەوەی کاتیی پەستانی خوێن تەنانەت لەگەڵ ئاویشدا. خواردنەوەی قاوە دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی کاتیی پەستانی خوێن، بەتایبەت لای ئەو کەسانەی بەبەردەوامی نایخۆنەوە؛ واتە ئاو پێش قاوە ڕێگری لە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کافاین ناکات. هاوکات توێژینەوەیەک لەسەر کەسانی تەمەن 60 ساڵ و سەرووتر کە ماوەی دوو ساڵ ڕۆژانە قاوەیان خواردووەتەوە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی سەرەوەی (ئینقیبازی) تۆمار کردووە، هەرچەندە ئەو تەمەنە خۆی لە بنەڕەتدا زیاتر ئەگەری تووشبوونی هەیە و پێویست بە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکات.

