سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم بەش و پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق چوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی باڵاوە لەسەر ئاستی پلە (ج).
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع) ڕایگەیاند: “لە ئێستاوە، تەواوی هێزە چەکدارەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بە فەرمی چوونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی پلە (ج)ـەوە.”
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەرچوونی فەرمانێکی دیوانیی بۆ پێکهێنانی “بارەگای کۆنترۆڵ” لە ناوچەی (جەرف ئەلنەسر) ئاشکرا کرد.
نوعمان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی دیوانی بەم شێوەیەی خوارەوە دەرچووە:
یەکەم: بارەگاکە لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەست دەبێت بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییەوە.
دووەم: فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتم حەمید بە فەرماندەی بارەگاکە دەستنیشان کرا، هەروەها دوو جێگری دەبێت کە بریتین لە:
-
أ- لیوا ڕوکن حوسێن عەلی ناسیف، وەک جێگری فەرماندە بۆ کاروباری بەرگری.
-
ب- عودەی عەبدولئەئیمە موسحەب، وەک جێگری فەرماندە بۆ کاروباری حەشدی شەعبی.
سێیەم: چوار پێکهاتەی ئەمنی و سەربازی دەبەسترێنەوە بەم بارەگایەوە، کە بریتین لە:
-
لیوایەکی سەر بە سوپای عێراق.
-
لیوایەکی سەر بە پۆلیسی فیدراڵی.
-
دوو لیوای سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی.
-
فەوجێکی پۆلیسی وزە بە مەبەستی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناوچەکە.
چوارەم: سنووری ئەرک و دەسەڵاتی ئەم بارەگایە لە چوارچێوەی سنووری ئیداریی ناوچەی (جەرف ئەلنەسر) دەبێت.
پێنجەم: بارەگاکە لە کاتژمێر 06:00ی بەیانیی ڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەستبەکار دەبێت و کۆنترۆڵ و سەرکردایەتیکردنی سەرجەم ئەو هێزانە دەگرێتە ئەستۆ کە لەژێر فەرمانی دان.
شەشەم: بارەگای کۆنترۆڵ، لە بەرزترین ئاستدا هەماهەنگی لەگەڵ هەر یەک لە فەرماندەیی پۆلیسی بابل، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەکات.

