جەوهەر نامیق سواره، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەم، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە خەمخۆری قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە و قوربانی داوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و خوێنی شەهیدان.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە هەڵمەتە چەواشەکارەکانی دژی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ناتوانن کاریگەری لەسەر ئەو ژێرخانە بەهێزە و متمانەیەی نێوان هاووڵاتیان و حکومەت دابنێن.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە بەرنامە و ڕوانگەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهێنراوە بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. بە وتەی ئەو، سەرەڕای بوونی هەندێک هەڵمەتی چەواشەکارانە بە مەبەستی خراپ نیشاندانی کارەکانی حکومەت، بەڵام ئەم هەوڵانە ناتوانن لاوازی بخەنە سەر ئەو ژێرخانە بەهێزەی کە مەسرور بارزانی دروستی کردووە، بەتایبەت بنیاتنانی متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و کارەکانی حکومەتدا.
جەوهەر نامیق سواره هۆشداری دا لەوەی ململانێ سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان نەگەنە ئاستێک کە چەواشەکاری بڵاو بکرێتەوە و هەوڵی بەدناوکردن و لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە بدرێت کە بە خوێنی شەهیدان هاتوونەتە دی. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم قۆناغەدا پشتیوانی و متمانەی خەڵکی کوردستان بە بەرنامە و کاری پارتی و کابینەی نۆیەم ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر و بەهێزتر دەبێت و کابینەکە بە خزمەتکاری خەڵک دەزانن. لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە پێویستە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو هەڵمەتە چەواشەکارانەی کە دژی قەوارەی سیاسیی هەرێم و کابینەی نۆیەم و کەمکردنەوەی دەستکەوتەکانی دەکرێن.

