ساکار عومەر سێنارەیی، چالاکوانی سیاسی، لە وتارێکیدا ڕایدەگەیەنێت کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیدگای ستراتیژی و ئیرادەوە کار بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان، ئابووری، ژێرخان و بنیاتنانی کوردستانێکی مۆدێرن دەکات، و جەختیش دەکاتەوە کە هەڵمەتە ناڕەواکان ناتوانن بەهای هەوڵە نیشتمانییەکان کەم بکەنەوە.
ساکار عومەر سێنارەیی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەڵمەتە ناڕەوایانەی دژی مەسرور بارزانی دەکرێن، زیاتر بۆشایی گوتاری ئەو لایەن و کەسانە دەردەخەن کە بەرنامە و ئەڵتەرناتیڤێکی ئەقڵانییان بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان نییە.
ئەو چالاکوانە سیاسییە پێی وایە پۆپۆلیزم و هێرشی ئیعلامی ناتوانن جێگەی بیرکردنەوەی ستراتیژی و بەرپرسیارێتیی سیاسی بگرنەوە، و ڕوونی دەکاتەوە کە کوردستان پێویستی بە کەسانی بنیاتنەرە نەک تەنها ڕووخێنەر.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا، ساکار عومەر سێنارەیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە داهاتوو بە هێرش دروست نابێت، بەڵکو بە دیدگا، ئیرادە و کردار دێتە دی، و پشتیوانیی خۆی بۆ مەسرور بارزانی دەربڕیوە و بە “ئەندازیاری ئاوەدانی و گەشانەوە” و “ڕێبەری دیدگا و بنیاتنان” ناوی بردووە.

