دەزگا ئەمنییەکانی میسر توانییان نهێنی ونبوونی گەنجێک بەبێ هیچ شوێنەوارێک لە گوندی ئەبو دیاب، سەر بە بنکەی پۆلیسی دشنا لە پارێزگای قەنا له میسر ئاشکرا بکەن، دوای ئەوەی دەرکەوت ژنێک تەرمەکەی لەناو «فڕنێکی خۆماڵی»دا سووتاندووە تاوەکو بەتەواوی بووەتە خۆڵەمێش.
لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە گەنجەکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە ماڵەکەی بێسەروشوێن بووە، ئەمەش نیگەرانی لای کەسوکارەکەی دروست کردووە و ئەوانیش دەستبەجێ دەزگا ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە لای خۆیانەوە پلانی بەپەلەیان بۆ دۆزینەوەی شوێنەکەی داناوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی میسر ئاشکرای کردووە، دەزگا ئەمنییەکان لە یەکێک لە سەرچاوەکانیانەوە زانیارییان پێگەیشتووە کە گەنجە ونبووەکە لەلایەن ژنێکەوە و بە هاوکاری برا و خوشکەکەی کوژراوە.
سەرچاوەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی «سکای نیوز عەرەبی» ڕوونی کردەوە، تۆمەتبارەکان تەنها بە کوشتنی گەنجەکە نەوەستاون، بەڵکو تەرمەکەیان پارچەپارچە کردووە و لەگەڵ پاشەڕۆی مانگا (تەپاڵە)، بە چەند قۆناغێک و بە درێژایی ٣ ڕۆژ لەناو فڕنێکی خۆماڵیی ناو ماڵەکەی خۆیاندا سووتاندوویانە.
چییان بە تەرمەکە کرد؟
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوە کرد، تاوانی کوشتنەکە بە پاڵنەری تۆڵەسەندنەوە و لەسەر بنەمای ناکۆکی بووە لەگەڵ ژنەکە کە تۆمەتباری یەکەمە و تەمەنی ٤٠ ساڵە، ڕوونیشی کردەوە کە دوای سووتاندنی تەرمەکە، خۆڵەمێشەکەی بە شەقامەکانی گوندی ئەبو دیابدا بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە ژنەکە تاوەکو ئێستا هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو ناکۆکییەی ئاشکرا نەکردووە کە لە نێوان خۆی و کوژراوەکەدا (کە تەمەنی ٢٢ ساڵە) ڕوویداوە، بەڵام دانی بە وردەکاریی تاوانەکەدا ناوە و ڕوونی کردووەتەوە کە تەرمەکەی پارچەپارچە کردووە تاوەکو بتوانێت بەتەواوی بیسووتێنێت و شوێنەواری تاوانەکە بشارێتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو کە برا گەورەکەی و خوشکە بچووکەکەی هاوکارییان کردووە لە ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە و شاردنەوەی تەرمەکە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی خۆڵەمێشەکەی بە شەقامەکانی گوندەکەدا، پێش ئەوەی هەوڵ بدەن بەرەو پارێزگای مەرسا مەتروح هەڵبێن بۆ ئەوەی لای خزمەکانیان لەوێ خۆیان بشارنەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکەی وەزارەتی ناوخۆی میسر ڕوونی کردەوە، هێزەکان توانیویانە تۆمەتباری سەرەکی و خوشکە بچووکەکەی دەستگیر بکەن، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی برا بەشداربووەکە لە تاوانەکەدا تاوەکو ئێستا بەردەوامن.
داواکاری گشتیش بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی لە تاوانی کوشتنەکە و بڕیاری داوە تۆمەتباران بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لەسەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەکان ڕابگیرێن، دوای ئەوەی تۆمەتی کوشتن، سووتاندنی تەرم، هەوڵدان بۆ شاردنەوەی شوێنەواری تاوان و شێواندنی تەرمەکە ئاراستەی تۆمەتباری یەکەم کرا.
سزایەکی یاسایی توند
موسلیم ئەلموحەممەدی، ڕاوێژکاری یاسایی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی گشتیی پارێزەرایەتی ڕایگەیاند، تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە یاسای سزاداندا، بەپێی بارودۆخی ئەنجامدانی تاوانەکە، سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی توند.
ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی «سکای نیوز عەرەبی» ڕوونی کردەوە، سزای لەسێدارەدان لە حاڵەتەکانی کوشتنی بەئەنقەستدا جێبەجێ دەکرێت ئەگەر پلاندانانی پێشوەختە یان چاودێریکردن و بۆسەنانەوەی لەگەڵدا بێت (بەپێی ماددەی ٢٣٠)، یان ئەگەر تاوانەکە بە تاوانێکی دیکەوە بەسترابێتەوە.
سەبارەت بە شاردنەوەی تەرم، ئەلموحەممەدی ئاماژەی بەوە کرد کە ماددەی ٢٣٩ سزای زیندانیکردن بە ماوەیەک کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت دەسەپێنێت بەسەر هەر کەسێکدا کە تەرمی کوژراوێک بشارێتەوە یان بینێژێت بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێش پشکنین و دڵنیابوونەوە لە مردن و هۆکارەکانی.
جەختیشی کردەوە کە ئەگەر شاردنەوەی تەرم پەیوەست بێت بە تاوانی کوشتنەوە و ئامانج لێی شاردنەوەی بەڵگەکان یان هاوکاریکردنی تاوانبار بێت بۆ هەڵاتن، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی تێوەگلاوان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی تاوانکاریی زیاتر ببنەوە، هەروەها دەکرێت بەشداربووان یان ئەوانەی پەردەپۆشی دەکەن بەپێی ڕۆڵی هەریەکەیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
سەبارەت بە شێواندنی تەرمەکەش، ئەلموحەممەدی ڕوونی کردەوە کە ماددەی ٦٠ـی دەستووری میسر شکۆ و پارێزراویی جەستەی مرۆڤ دەسەلمێنێت و دەستدرێژیکردنە سەری، شێواندنی، یان مامەڵەی ناشایستە پێوەی قەدەغە دەکات، لە کاتێکدا یاسای سزادان دەقێکی سەربەخۆی تێدا نییە کە ئەو کارانە بە تایبەت بە تاوان بناسێنێت.
هەر بۆیە، بە گوتەی ڕاوێژکارە یاساییە میسرییەکە، ئەو کارانەی ئەنجام دراون بەپێی ئەو دەقە سزاییانە دەگونجێنرێن کە بەسەر هەر ڕووداوێکدا جێبەجێ دەبن، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییان بە تاوانی کوشتنەکە و ئەو سزایانەی بۆی دیاری کراون.

