لە 4 تا 6ـی کانوونی یەکەمی 2026، شاری فانکۆڤەر میوانداریی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە فانکۆڤەر دەکات و چەندین فیلمی هەڵبژاردەی دەرهێنەرانی کورد لەسەر ئاستی جیهانی نمایش دەکرێن.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە جەخت دەکەنەوە، سینەما تەنیا کات بەسەربردن نییە، بەڵکو یادەوەریی گەلێک و پەیامێکی کولتوورییە کە نەوەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەنگی گەلی کورد، مێژوو، خەبات و کولتووری بە جیهان دەگەیەنێت.
بانگەواز ئاراستەی تەواوی ئەندامانی رەوەندی کوردی لە فانکۆڤەر کراوە، تا پێکەوە بەشدار بن و بنەماڵەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ کولتوور و زمانی خۆیان بژین و بزانن چۆن هونەر دەتوانێت دەنگی گەلێک بگەیەنێت.
ئاماژە بۆ ئەوە کرا، پشتیوانیکردن لە کولتوور بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و ئامادەبوون لەم رێوڕەسمە کولتوورییەدا نیشانەی وەفادارییە بۆ ناسنامە و زمان.

