بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی بۆردۆ کە ڕەوتی تەندروستیی بەساڵاچووانی لە ماوەی سێ دەیەدا خستووەتە ژێر چاودێرییەوە، ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی درێژخایەن هەست بە تەنیایی دەکەن، زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکیی مێشک (زەهایمەر) دان.
توێژەران داتاکانی ٣٧٧٧ بەساڵاچوویان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ٢٠١٨ شیکار کرد. دەرەنجامەکان دەریانخستووە ئەو بەساڵاچووانەی بە شێوەیەکی درێژخایەن تەنها بوون، ٣٨% زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکیی مێشکدا بوون، بە بەراورد بەو کەسانەی هەرگیز هەستی تەنیاییان نەبووە. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، نزیکەی ٤٩%ی ئەو کەسانەی بە درێژخایەن تەنها بوون، تووشی نەخۆشییەکە بوون.
کارین پرێس، توێژەری باڵا لە سەنتەری تەندروستیی دانیشتووانی بۆردۆ، گوتی: “زۆربەی خەڵک لە قۆناغێکدا تەنیایی ئەزموون دەکەن، بەڵام کاتێک تەنیایی درێژخایەن و بەردەوام دەبێت، مەترسییەکان زیاد دەکات.”
ئیڤانا سیمۆن، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیایی هەستێکی بابەتییە و جیاوازە لە گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی. ئەم دۆخە لەوانەیە بەهۆی پەیوەندییە ناڕازییەکان یان کەمیی چالاکییە پڕماناکانەوە دروست ببێت. بە گوتەی ئەم توێژەرە، کەمیی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان هاندانی مێشک سنووردار دەکات و بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی داخورانی بایۆلۆژی.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە تەنیایی تەنها یەکێکە لە هۆکارەکان؛ شێوازی ژیان، وەرزش و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و نەخۆشیی دڵ، کاریگەرییان لەسەر ئەم مەترسییە هەیە. دامەزراوەی توێژینەوەی ئەلزایمەری بەریتانیاش هانی بەساڵاچووان دەدات بۆ چالاک مانەوەی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چالاک ڕاگرتنی بەشەکانی مێشک و کەمکردنەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە پەیوەندییان بە خەمۆکیی مێشکەوە هەیە. توێژەرانی بۆردۆ ڕاسپاردەیان کردووە کە سیستمی تەندروستی پشکنینی تەنیایی بۆ نەخۆشەکان ئەنجام بدات.

